* نەوژین
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری ساڵی رابردوی نەخۆشخانەی هیوای بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، شێرپەنجەی مەمک زۆرترین رێژەی توشبونی هەبوە.
تەنها لە ساڵی رابردودا، لە نەخۆشخانەی ‘هیوا’ لە سلێمانی، ٣ هەزار و ١٤٥ توشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون، لەو ژمارەیە، ٦٢٤ کەسیان توشبوی شێرپەنجەی مەمکن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم جۆرەیان زۆرترین جۆری تۆمارکراوە لە سنورەکەدا.
هۆکارەکانی زیادبونی شێرپەنجەی مەمک چیین؟
پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەن کە دەبنە هۆی زیادبونی ئەم رێژەیە: هەبونی مێژوی نەخۆشییەکە لە ناو خێزاندا، کەمخۆراکی، خواردنی خۆراکە دەستکردەکان، قەڵەوی و کەمبونی چالاکی وەرزشی، بەکارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی بەبێ رێنمایی پزیشک یان درەنگ مناڵبون و کەمبونی شیردانی سروشتی،
پیسبونی ژینگە و بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان.
چۆن روبەڕوی ببینەوە
تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا جەخت دەکەنەوە کە "پشکنینی پێشوەختە" کلیلی رزگاربونە لەم مەترسییە:
* پێویستە هەمو ژنێک لە ماڵەوە مانگی جارێک پشکنین بۆ خۆی بکات بۆ هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک یان گرێیەک.
* ژنانی تەمەن سەرو ٤٠ ساڵ پێویستە ساڵانە پشکنینی مامۆگرافی ئەنجام بدەن.
* دورکەوتنەوە لە چەوری و شەکری زۆر و پەنابردن بۆ سەوزە و میوە.
نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە و خوێن، رونی کردوەتەوە: ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغی سەرەتادا بدۆزرێتەوە، رێژەی چاکبونەوە نزیک دەبێتەوە لە ۱۰۰٪.
ئاشکرایشیکردوە: لەکۆی توشبوەکان هەزار و ٤٤٨ کەسیان دانیشتوی سلێمانیین و ئەوانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هاتون.