نوخشە ناسیح و نێلی رۆس؛ سەدەیەک لە نێوان یەکەم ژنە پارێزگاری ئەمریکا و هەرێمی کوردستان
ھەواڵ
2026/01/05 , بینین : 152


* نەوژین

ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبونی ١٠٠ ساڵ بەسەر دەستبەکاربونی یەکەم ژنە پارێزگار لە مێژوی ئەمریکادا؛ رێکەوتێک کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا تەنها ناوی ‘نوخشە ناسیح’ـی تێدا دەدرەوشێتەوە وەک یەکەم ژن کە ئەو بەربەستە مێژوییەی شکاند و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی وەرگرت.

ئەم یادە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥، کاتێک (نێلی تایلۆ رۆس) لە ویلایەتی وایۆمینگ وەک یەکەم ژن لە مێژوی ئەمریکا بوە حاکمی ویلایەت، کە لەڕوی کارگێڕییەوە بەپێی سیستەمی عێراق هاوتای پۆستی پارێزگارە، ئێستا دوای سەدەیەک نوخشە ناسیح لە هەرێمی کوردستان هەمان رێچکەی شکاندوە.

پۆستەکەم وەک ئەرک وەرگرت نەک ناوبانگ

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە نەوژینی راگەیاند: کاتێک کە پۆستەکەم وەرگرت، بیرم لەوە نەکردەوە کە دەبم بە 'یەکەم ژن' لە عێراقدا پۆستێکی وا بەڕێوەببەم، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتی و ئەرکێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە وەرمگرت، بەڵام دواجار ئەمە ئەرکی سەرشانم قورستر دەکات تا پیشانی هەموان بدەم کە ژنان دەتوانن ئەم پۆستەش بەڕێوەببەن.

ئاماژەی بەوەشدا کە وەرگرتنی ئەم ناونیشانە وەک "یەکەم ژن" لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم، بارگرانییەکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی کارەکانی پارێزگار بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات و بیسەلمێنێت ژنان لەم ئاستەدا سەرکەوتون.

تێپەڕاندنی "هەیمەنەی سەربازی" و شکاندنی تابۆکان

یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لە پۆستی پارێزگاردا، سەرۆکایەتیکردنی لیژنەی ئەمنییە، کە زۆرجار وەک بوارێکی پیاوانە و پێویست بە هەیمەنەی سەربازی دەبینرێت، نوخشە ناسیح بە متمانەوە ئەم تێڕوانینە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بۆ من ئەم کارە قورس نەبو، چونکە پێشتریش وەک بەڕێوەبەری ناحیە سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بوم و لە سلکی سەربازیدا کارم کردوە، جەختیشیکردەوە هەمو سێکتەرە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانی پارێزگاردان و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیدا دروست نەبوە.

بە وەکالەت؛ پرسی یاسا نەک متمانە

سەبارەت بە هەبونی پاشگری (بە وەکالەت) لەگەڵ ناونیشانە وەزیفییەکەی، پارێزگاری هەڵەبجە رونی کردەوە: هیچ پەیوەندییەکی بە کەمیی متمانەی ناوەندی بڕیار بە ژنانەوە نییە، بەڵکو تەنها پرسێکی یاساییە، بەوپێیەی لەکاتی دەستبەکاربونی مندا حکومەت لە دۆخی "کاربەڕێکەر”ـدا بو، بەپێی یاسا نەتوانرا فەرمانی هەمیشەیی بۆ پلە باڵاکان دەربچێت تاوەکو پێکهێنانی کابینەی نوێ.

هەڵەبجە وەک پێوەر و نمونەیەک بۆ ناوچەکە

ئەزمونی نوخشە ناسیح تەنها بۆ هەڵەبجە نییە، بەڵکو ئێستا وەک پێوەرێک بۆ سەرکەوتنی ژنان لە پۆستە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت، ئەو هیوای وایە ئەم هەنگاوەی رێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا ژنانی زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو پۆستانە وەربگرن.

 

زۆرترین بینراوەکان