بە نزیکەیی نیوەی مناڵانی سلێمانی بە "نەشتەرگەری" لەدایک دەبن
رەنگاڵە
2026/01/02 , بینین : 98


* نەوژین

ئامارە نوێیەکانی تەندروستی سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ زەنگێکی مەترسیدار دەربارەی شێوازی لەدایکبونی مناڵان لێ دەدەن؛ خەریکە "نەشتەرگەری" دەبێتە بژاردەی یەکەم و رێژەکەی نزیک دەبێتەوە لە نیوەی کۆی گشتی لەدایکبونەکان، ئەمەش بەپێی پێوەرە جیهانییەکان هەڵکشانێکی ناتەندروستە.

ئاماری ٢٠٢٥؛ ٤٤٪ـی مناڵبونەکان بە نەشتەرگەری بوە

بەپێی ئەو داتایانەی دەست ماڵپەڕی (نەوژین) کەوتون، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا لە نەخۆشخانەی مناڵبونی فێرکاری لە سلێمانی، ٩ هەزار و ٨٤٨ مناڵ لەدایکبون، ئەوەی جێگەی تێڕامانە، دابەشبونی شێوازی لەدایکبونەکانە: ٥,٥٢٨ دایک مناڵەکانیان بەشێوەی سروشتی بوە، ٤,٣٢٠ دایکیش بە نەشتەرگەری.

ئەم ژمارانە ئەوە دەسەلمێنن کە نزیکەی ٤٤٪ـی دایکان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە مناڵیان بوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات و دەڵێت: "نابێت رێژەی نەشتەرگەری لە ١٥٪ تێپەڕ بکات"، چونکە پەنابردنی بێ پاساو بۆ نەشتەرگەری مەترسییە بۆ سەر تەندروستی دایک و کۆرپە و کاتی چاکبونەوەی دایکانیش درێژتر دەکاتەوە.

بەراوردکاری؛ ئامارەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ چۆن بوە؟

کاتێک سەیری ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٤) دەکەین، دەبینین ئەم دیاردەیە بەردەوامی هەیە و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی ئەوتۆ بەسەر هۆشیاریی دایکاندا نەهاتوە، بەشێوەیەک لەو ساڵەدا، کۆی گشتی لەدایکبون ١٠ هەزار و ٢٤٣ مناڵ بوە، کە تێیدا ٤,٦٣٠ حاڵەتیان بە نەشتەرگەری بوە (واتە ٤٥٪)

بۆچی ئەم رێژەیە "خراپ" و مەترسیدارە؟

پزیشکانی پسپۆڕ هەمیشە جەخت دەکەنەوە کە مناڵبونی سروشتی باشترین بژاردەیە بۆ دایک و مناڵ، پەنابردن بۆ نەشتەرگەری (تەنها لە کاتی ناچاریدا نەبێت) دەبێتە هۆی:

*  زیادبونی ئەگەری خوێنبەربونی توند و هەوکردنی مناڵدانی دایک.
*  دروستبونی کێشەی هەناسەدان بۆ کۆرپە لە ساتی لەدایکبوندا.
*  زیادبونی تێچوی دارایی لەسەر خێزان و کەرتی تەندروستی.
*  کاریگەری نەرێنی لەسەر مناڵبونەکانی داهاتوی دایکەکە.

وردەکاریی رەگەز و فرە کۆرپە لە ٢٠٢٥ـدا
ئامارەکەی ئەمساڵی نەخۆشخانەی مناڵبون وردەکاری زیاتری تێدایە سەبارەت بە رەگەز و حاڵەتە تایبەتەکان:

*  رەگەزی نێر: ٥,٠٩٦ منداڵ (٥٢٪).
* رەگەزی مێ: ٤,٧٥٢ مناڵ (٤٨٪).
* دوانە: ١٧٩ حاڵەت (کەمترە لە ساڵی ٢٠٢٤ کە ٢٠٨ حاڵەت بوە).
* سیانە: ٩ حاڵەت (زیاترە لە ساڵی ٢٠٢٤ کە تەنها ٥ حاڵەت بوە).

 

زۆرترین بینراوەکان