* نەوژین
قەیرانی دارایی و بەردەوامیی دواکەوتنی موچە لە هەرێمی کوردستان، تەنها بژێوی فەرمانبەرانی تێکنەداوە، بەڵکو کاریگەرییەکی راستەوخۆ و وێرانکەری لەسەر ژیان و بژێوی ئەو ژن و مناڵانە دروستکردوە کە داهاتی مانگانەیان تەنها لەسەر ئەو نەفەقە ـیە کە دادگا بۆی بڕیونەتەوە؛ پارێزەرێکی راوێژکار هۆشداری دەدات: دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک، مارکێتەکانیش چیتر بە قەرز پێداویستی بەو ژنانە نادەن.
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ؛ موچەی پیاو و بژێوی ژن
گۆنا مەجید، پارێزەری راوێژکار، باسلەوەدەکات، پرسی نەفەقە لە هەرێمدا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە پرسی موچەوە، رونیکردەوە: چونکە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم موچەخۆرن، سیستەمی بڕینی نەفەقەش ئۆتۆماتیکی لەسەر موچەیە؛ کاتێک موچە دوادەکەوێت، هەژماری بانکیی ئەو ژنانە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە و ژن و مناڵەکان بێ بژێوی دەبن.
جەختیشیکردەوە: قەیرانەکە تەنها موچەخۆرانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو ئەو پیاوانەشی کاسبکارن بەهۆی سستیی بازاڕەوە ناتوانن نەفەقە بدەن و لە فەرمانگەکانی جێبەجێکردن (تەنفیز) دەڵێن: "داهاتمان نییە و تەنانەت کرێی دوکان و خانوشمان پێ نادرێت”.
یاسا و واقیع؛ ١٠٠ هەزار دینارەکە لە نێوان مانەوە و گۆڕانکاریدا
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی بۆ نەفەقە دیاریکراوە، گۆنا مەجید وتی: "ئەو ١٠٠ هەزار دینارەی بۆ هەر مناڵێک وەک نەفەقە دیاریکراوە، دەقێکی یاسایی جێگیر نییە، بەڵکو بڕیارێکی تەمیزییە و دادوەرەکان وەک بنەمایەک کاری پێ دەکەن”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا کاتێک باری دارایی پیاوەکە لە ژێر سفرەوە بێت، بڕەکە کەمدەکرێتەوە بۆ ٧٥ هەزار دینار، بەڵام جەختی کردەوە کە "نەفەقە لەڕوی شەرع و یاساوە لەسەر پیاو واجبە و پابەندنەبون پێوەی رێکاری یاسایی توندی وەک حەبس (گرتن)ـی بەدواوە دێت، هەرچەندە گرتنەکە تەنها فشارە و قەرزەکە لەسەر پیاوەکە لانادات”.
رۆتینی بانکی؛ ئازارێکی تری ژنانی خاوەن نەفەقە
جگە لە دواکەوتنی موچە، سستیی رێکارە کارگێڕییەکان لە بانکەکاندا بوەتە گرفتێکی تر؛ گۆنا مەجید ئاشکرای دەکات: تەنانەت دوای دابەشکردنی موچەش، ژنان ناچارن ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن، زۆر جار ژنێک ٢٠ رۆژ بۆ مانگێک لە ‘سەرە’ و چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە تا نۆرەی وەرگرتنی نەفەقەکەی دەگات، ئەمەش بارگرانییەکی دەرونی و دارایی گەورەیە.
بێئومێدی و نەمانی قەرز
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ‘نەوژین‘، ئەو پارێزەرە راوێژکارە هۆشداری لە تێکچونی باری کۆمەڵایەتیی ئەو خێزانە هەڵوەشاوانە دەدات و دەڵێت: ئەم ژنانە گەیشتونەتە ئاستی بێئومێدی. پێشتر دەیان توانی بە قەرز لە مارکێتەکان پێداویستییەکانیان دابین بکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی گشتیبونی قەیرانەکەوە، مارکێتەکانیش چیتر بە قەرز شتومەکیان پێ نادەن، ئەمەش ژیان و سەلامەتیی ژنان و مناڵانی خستوەتە مەترسییەوە.