سەندیکای کرێکاران: ژنان ٣٠٪ـی هێزی کار لە کەرتی تایبەت پێکدێنن
ھەواڵ
2025/12/24 , بینین : 257


* نەوژین

لێپرسراوی بەشی ژنان لە سەندیکای کرێکارانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ژنان بە رێژەی ٣٠٪ لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت؛ نەبونی گرێبەست و بێدەنگبونی ژنان لە ئاست پێشێلکارییەکان بەهۆی" کێشەی کۆمەڵایەتییەوە"، بەربەستی سەرەکین بۆیان.

بواری کارکردن و ئامارەکان

لەیلا کەریم، لێپرسراوی بەشی ژنان لە سەندیکای کرێکارانی سلێمانی، سەبارەت بە دۆخی ژنانی کرێکار، دەڵێت: لە ئێستادا ژنان لە هەمو بوارەکاندا رۆڵی بەرچاویان هەیە، بەتایبەت لە هۆتێل، نەخۆشخانە تایبەتیەکان، کارگەکان و شوێنەکانی دیکەش.

سەبارەت بە ئاماری وردی ژنانی کرێکارانیش, وتی: ئامارەکان لەلای ئێمە دیاریکراو نیین، چونکە زۆرجار تەنها ئەوانە دێنە سەندیکا کە کارێکی تایبەتی وەک ئارایشتگا و بەرگدرویان هەیە یان دەیانەوێت خول بکەنەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان، رێژەی بەشداری ژنان لە بازاڕی کاردا دەگاتە ٣٠٪، کە ئەمەش بە رێژەیەکی باش دادەنرێت.

دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مۆڵەتی دایکایەتی

لەبارەی مافەکانی وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مۆڵەتی دایکایەتی، لەیلا کەریم، جەختی کردەوە کە لە شوێنکارە دیارەکانی کەرتی تایبەتدا دەستەبەری کۆمەڵایەتی بونی هەیە و لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی کار بەدواداچونی بۆ دەکەن، بەڵام لە هەندێک شوێنی دورەدەست کە لیژنەکان پێی نەگەیشتون، رەنگە دەستەبەر بۆ کرێکاران نەکرابێت.

سەبارەت بە مۆڵەتی دایکایەتی وتیشی: بەپێی یاسا، لە هەردو کەرتی گشتی و تایبەتدا دایکانی کرێکار مافی ٧٢ رۆژ مۆڵەتیان هەیە، ئەگەر بیانەوێت زیاتریش وەربگرن ئەوا بە نیوە موچە بۆیان هەژمار دەکرێت، بە مەرجێک دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەبێت و لەلایەن لیژنەی پزیشکییەوە پەسەند بکرێت.

پێشێلکاری و بێدەنگیی ژنان

سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە روبەروی ژنانی کرێکار دەبێتەوە، لەیلا کەریم نەیشاردەوە کە ژنانی کرێکار روبەڕوی کۆمەڵێک گرفت دەبنەوە، لەوانە: دەرکردن لەکار، پێنەدانی مافە داراییەکان و توندوتیژی و هەراسانکردن (زارەکی یان جەستەیی).

وتیشی: کێشە گەورەکە ئەوەیە زۆر جار بەڵگە هەیە لەسەر پێشێلکارییەکان، بەڵام ژنەکە خۆی نایەوێت قسە بکات و بابەتەکە پەردەپۆش دەکات، تاوەکو کێشەی بۆ دروست نەبێت لەنێو خێزانەکەیدا یان لە کارەکەی دورنەخرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو کە سەندیکای کرێکاران پارێزەری هەیە بۆ بەرگریکردن لێیان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و پۆلیس و ئاسایشیش وەک پاڵپشت بونیان هەیە، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە کرێکارەکە خۆی ئامادەبێت داوای مافی خۆی بکات.

هۆشیاری یاسایی و کارکردن بە گرێبەست

ئەو لێپرسراوەی بەشی ژنان داوا لە ژنانی کرێکار دەکات، “کاتێک دەچن بەدوای کاردا دەگەرێن و کارتان دەست دەکەوێت، بەتایبەت کچانی دەرچوی زانکۆ کە دەچنە بازاڕی کارەوە، شارەزابن بە ئەرک و مافە یاساییەکانی خۆتان کە لە یاسای کاردا هاتوە، هەروەک مەرجی سەرەکیتان هەبونی ‘گرێبەستی کار’ بێت”.

جەختیشی کردەوە: پێویستە ژنان خۆیان داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانیان بن، سڵ نەکەنەوە لە سکاڵاکردن لەڕێگەی سەندیکاوە، چونکە بێدەنگی دەبێتە هۆی بەردەوام بونی پێشێلکارییەکان.

زۆرترین بینراوەکان