تۆڕی داکۆکی لە داکۆکیکاران: بە ئامانجگرتنی ژنانی چالاک 'تیرۆری فیکرییە' و پێویستە رێکاری یاسایی بگیریتەبەر
ھەواڵ
2025/12/23 , بینین : 176


* نەوژین

تۆڕی داکۆکی لە داکۆکیکاران لە شاری سلێمانی، بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتی، حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەکات و تێیدا هۆشداری دەدات لە زیادبونی هەڵمەتەکانی ناوزڕاندن و "تیرۆری فیکری" دژ بە ژنانی چالاکوان و رێکخراوەکانی ژنان.

تۆڕەکە کە لە کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنی و پیشەیی پێکهاتوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ژینگەی میدیایی هەرێمی کوردستان بوەتە گۆڕەپانێک بۆ شکاندنی کەسایەتی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی، دەشڵێن: "هیچ لایەنێک خۆی لەقەرەی ئەم بابەتە نادات و هەموان لە ئاست ئەم سوکایەتیپێکردنانە بێدەنگ و بێ هەڵوێستن".

لەشکرێکی پارەدارکراو لە پشت هەڵمەتەکانەوەیە

لە بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەو هەڵمەتانەی لە سۆشیال میدیا دژ بە ژنان رێکدەخرێن، ئامانجیان بێ کاریگەرکردنی رۆڵی ژنە لە کۆمەڵگەدا، تۆڕەکە رونیکردوەتەوە کە "عەقڵیەتی چەقبەستوی نێرسالارانە و ململانێی سیاسی حزبەکان" داینەمۆی ئەم هێرشانەن، کە لەڕێگەی "لەشکرێکی پارەدارکراو و ئەرکدارکراوەوە" لە سۆشیال میدیا ئەنجام دەدرێن.

تۆڕی داکۆکی لە داکۆکیکاران، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم رەفتارانە، چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد:

* دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی: داوایان لێدەکرێت بێدەنگ نەبن و رێکاری یاسایی، کارگێڕی و تەکنیکی توند دژی ئەو کەس و لایەنانە بگرنەبەر کە خەریکی ناوزڕاندنی ژنانن.

* دامەزراوەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی: کاربکەن بۆ پاراستنی فەزایەکی ئازاد بۆ ژنانی چالاکوان تاوەکو لە چوارچێوەی یاسادا کارەکانیان بکەن.

* رێکخراوەکان و رۆشنبیران: پشتیوانی خەباتی ژنان بن بۆ چەسپاندنی یەکسانی و سڕینەوەی جیاکاری رەگەزی.

زۆرترین بینراوەکان