ژنە چالاکوانێکی کورد خەڵاتێکی بەناوبانگی نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەستدێنێت
ھەواڵ
2025/12/11 , بینین : 9



* نەوژین


ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، براوەکانی خەڵاتی ساڵانەی "نانسەن"ـی بۆ پەنابەران ئاشکرا کرد، کە تێیدا تابان شۆڕش، وەک ژنە چالاکوانێکی کورد، بە براوەیەکی خەڵاتەکە دەستنیشانکراوە.

خەڵاتی نانسەن، یەکێکە لە بەنرخترین خەڵاتە مرۆییە جیهانییەکان، ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتی و رێکخراوانەی کە خزمەتی بێوێنە بە پەنابەران، ئاوارەکان و بێ وڵاتان دەکەن.

بۆ ئەمساڵ تابان شۆڕش بەهۆی کارە کاریگەرەکانی لە بواری بەهێزکردنی ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی شەڕ و ململانێکان، بە براوەی ئەم خەڵاتە دەستنیشانکراوە.

لە رزگاربوی جینۆسایدەوە بۆ فریادڕەسی قوربانیان

تابان شۆڕش، کە خۆی رزگاربوی پرۆسەکانی جینۆساید و ئەنفالە لە هەرێمی کوردستان، ئەزمونە تاڵەکانی ژیانی کردوەتە هەوێنی دامەزراندنی رێکخراوی "لۆتەس فلاوەر - The Lotus Flower".

ئەم رێکخراوە کە لە ساڵی ٢٠١٦ تەنها بە دو کارمەندەوە دەستی بەکارەکانی کرد، ئەمڕۆ خاوەنی تیمێکی ١٥٠ کەسییە و بوەتە چەترێک بۆ پاراستن و پێگەیاندنی ژنان.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، رێکخراوەکەی تابان توانیویەتی هاوکاریی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بکات، کە زۆربەیان لەو ژن و کچانەن کە بونەتە قوربانی دەستدرێژیی، ئەشکەنجە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆیلایەتی لە کاتی شەڕەکاندا.

بەهێزکردنی ژنان وەک کارەکتەری گۆڕانکاریی

پڕۆژەکانی تابان تەنها لە پێدانی کۆمەکی مرۆییدا کورت نابنەوە، بەڵکو لەڕێگەی پەروەردە، وەرزش، گەشەپێدانی توانا پیشەییەکان و رەخساندنی دەرفەتی بژێوی، کار بۆ بنیادنانەوەی ژیانی قوربانیان دەکات. 

تابان شۆڕش لەبارەی کارەکەیەوە بە ماڵپەڕی ئاژانسی (UNHCR)ـی وتوە: "کارەکانمان لەسەر بنەمای هیوا و بەهێزیی ئەو ژنانەیە کە هاوکارییان دەکەین، تاوەکو بتوانن وەک بەشداربویەکی کارا و دروستکەری گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەکانیاندا رۆڵ ببینن".

بڕیارە لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە شاری جنێڤی سویسرا لە ڕێکەوتی ١٦ـی ئەم مانگە، خەڵاتەکە بە تابان و چەند براوەیەکی تر بدرێت.

زۆرترین بینراوەکان