* نەوژین
ئەمڕۆ ١١ـی کانونی یەکەم، ساڵرۆژی دامەزراندنی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مناڵان (UNICEF)، کە بە گەورەترین رێکخراوی جیهانی دادەنرێت لە بواری دابینکردنی مافە سەرەتاییەکان و پاراستنی ژیانی مناڵان و دایکان، ئەم رێکخراوە کە لە هەناوی وێرانکارییەکانی جەنگەوە لەدایکبو، ئێستا بوەتە سەرەکیترین سەرچاوەی هیوا بۆ دایکانی جیهان.
سەرەتایەک لەنێو وێرانکارییەکانی جەنگدا
لە ١١ـی ١٢ـی ١٩٤٦، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دامەزراندنی سندوقێکی "فریاگوزاری" دا، ئامانجی سەرەکی لەو کاتەدا روبەڕوبونەوەی ئەو برسێتی و نەخۆشییە کوشندانە بو کە یەخەی مناڵانی ئەوروپا و چینی گرتبو لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دوەم.
لە ساڵی ١٩٥٣ـدا، نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا ئەرکی رێکخراوەکە فراوانتر بکات و بیکاتە بەشێکی هەمیشەیی لە سیستەمەکەیدا بۆ خزمەتکردنی مناڵان و خێزانەکانیان لە وڵاتانی تازەگەشەسەندودا.
یونسێف و تەندروستی دایکان؛ پەیوەندییەکی دانەبڕاو
هەرچەندە ناوی رێکخراوەکە بە (مناڵان)ـەوە گرێدراوە، بەڵام یەکێک لە ستراتیژە هەرە سەرەکییەکانی یونسێف ئەوەیە کە "مناڵی تەندروست، پێویستی بە دایکی تەندروستە”، بەپێی راپۆرتەکان، یونسێف لەم بوارانەدا کار بۆ دایکان دەکات:
* کارکردن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی گیان لەدەستدانی دایکان لە کاتی مناڵبوندا، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشین و هەژارەکان.
* دابینکردنی خۆراکی تەواوکاری و ڤیتامین بۆ دایکانی دوگیان و شیردەر بۆ رێگریکردن لە کەمخوێنی و بەدخۆراکی.
* رێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی (HIV) لە دایکەوە بۆ کۆرپەکەی.
کاریگەرییەکان بە ژمارە و ئامار
بەپێی دوایین ئامار و داتاکانی یونسێف و نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئاماژەیان بە دەستکەوتەکانی ئەم رێکخراوە کردوە:
* بەهۆی هەوڵەکانی یونسێف و رێکخراوە تەندروستییەکانەوە، رێژەی گیان لەدەستدانی دایکان لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ بە رێژەی ٣٤٪ لە جیهاندا دابەزیوە.
* ساڵانە یونسێف نزیکەی ٣ ملیار ژەمە ڤاکسین دابین دەکات، کە دەبێتە هۆی پاراستنی ژیانی نزیکەی ٤٥٪ـی مناڵانی جیهان.
* لە دەیەی رابردودا، یونسێف رایگەیاندوە کە ٢٥ ملیۆن هاوسەرگیری مناڵان (کچانی خوار ١٨ ساڵ) رێگری لێکراوە بەهۆی بەرنامەکانی هۆشیاری و پەروەردەوە.
ئەمڕۆ یونسێف لە زیاتر لە ١٩٠ وڵات و هەرێمی جیهاندا کار دەکات، لەنێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە نۆژەنکردنەوەی خوێندنگەکان، دابینکردنی ئاوی پاک و بەردەستخستنی ڤاکسین، رێگریکردن لە وازهێنانی کچان لە خوێندن، هەڵمەتی کوتانی مناڵان و چاودێری تەندروستی بۆ دایکان و مناڵان، بەتایبەت لە ناوچە زیانلێکەوتو و کەمپەکاندا.