* نەوژین
ئەلینا حەبە، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و یەکێک لە دیارترین ژنەکان لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا کشانەوەی خۆی لە پۆستی "داواکاری گشتیی ویلایەتی نیوجێرسی" راگەیاند، بەڵام راستەوخۆ پۆستێکی هەستیارتری لە وەزارەتی داد بۆ دانراوە.
ئەلینا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، هۆکاری کشانەوەکەی بۆ "پاراستنی سەقامگیری و شکۆی نوسینگەی داواکاری گشتیی نیوجێرسی" گەڕاندوەتەوە، کە ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی ئاستەنگە یاساییەکانەوە لەسەر دامەزراندنی، توشی دۆخێکی ناسەقامگیر بوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، وەڵامێکی توندی بۆ رەخنەگرانی بەجێهێشتوە و دەڵێت: "وا تێمەگەن ملکەچبون بۆ یاسا، مانای خۆبەدەستەوەدانە”.
کشانەوەکەی ئەلینا دوای ئەوە دێت کە دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی گورزێکی یاسایی لە دامەزراندنەکەی دا، هەفتەی رابردو، لیژنەیەکی سێ دادوەریی سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی بازنەی سێیەمی ئەمەریکا لە شاری فیلادێلفیا رایانگەیاند؛ "ئیدارەی ترەمپ بە دانانی ئەلینا وەکو داواکاری گشتی، یاسای دامەزراندنی فیدراڵیی پێشێل کردوە”، هۆکاری قسەکانیشیان بۆ پەیوەندی نزیکی ئەلینا لە سەرۆکی ئەمریکا، گەڕاندەوە.
پۆستێکی باڵاتر لە واشنتن چاوەڕێی ئەلینا دەکات
کشانەوەی ئەلینا مانای دورکەوتنەوە نییە لە دەسەڵات، بەڵکو دەستبەجێ ئەرکێکی گەورەتری لە واشنتن بۆ دیاریکراوە، ئەمەش بەپێی زانیاریی میدیا ئەمریکیەکان؛ ناوبراو دەبێتە “راوێژکاری باڵا"ـی پام بۆندی، وەزیری دادی ئەمەریکا، بەمەش ئەرکی نوێی ئەلینا بریتی دەبێت لە هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی وردی کارەکانی سەرجەم داواکارە گشتییەکان لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.
ئەلینا حەبە کێیە؟
ئەم خانمە پارێزەرە کە ئێستا وەک "دەستە راستی" دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیە یاساییەکاندا دەناسرێت، بە رەچەڵەک عێراقیە؛ دایک و باوکی خەڵکی عێراقن (لە پێکهاتەی کریستیانی کلدان/ئاشورین)، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، خێزانەکەی بۆ رزگاربون لە دەست رژێمی ئەوکاتەی عێراق، وڵاتیان جێهێشتوە و رویان لە ئەمەریکا کردوە.