* نەوژین
دوای تێپەڕبونی نزیکەی ٩ مانگ بەسەر تاوانی کوشتنی چوار ئەندامی خێزانێک (ژنێک و خوشکەکەی و دایک و باوکی) لەلایەن زاواکەیانەوە لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ دادگا دۆسیەکەی یەکلایی کردەوە و سزای لەسێدارەدان و زیندانیی بۆ بکوژەکە دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەکانی هەولێر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی ‘دکتۆر سیروان’ دەرکرد، کە بە تۆمەتی کوشتنی چوار ئەندامی خێزانی هاوسەرەکەی دەستگیرکرابو، بەپێی بڕیارەکەش ناوبراو بە سزای لەسێدارەدان و ٤٠ ساڵ زیندانی سزادراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دادگای تاوانەکانی هەولێر دۆسیەکەی یەکلایی کردوەتەوە و سزاکانی بەسەر تۆمەتباردا بەم شێوەیە دابەشکردوە: سزای لەسێدارەدان، لەسەر تاوانی کوشتنی خەزور و خەسوی، ٢٠ ساڵ زیندانی، لەسەر تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی و ٢٠ ساڵ زیندانی دیکەش، لەسەر تاوانی کوشتنی خوشکی هاوسەرەکەی.
روداوەکە بۆ ئێوارەی ١٣ـی ئازاری ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دکتۆر سیروان مەحمود بە چەکەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللەی لێکردن.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، چوار کەس کە پێکهاتبون لە (خەزور، خەسو، هاوسەر و خوشکی هاوسەرەکەی) دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵات، بەڵام رۆژی دواتر (١٤ـی ئازار) لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراق دەستگیرکرا و روبەڕوی یاسا کرایەوە.