لە “بڕینی جەستە"ـەوە بۆ "کەم ئەندامی دەرونی"؛ توێژینەوەیەک دیوە شاراوەکەی خەتەنەکردن ئاشکرا دەکات
ھەواڵ
2025/12/07 , بینین : 71


* نەوژین

ئەو ژنانەی خەتەنە کراون، تەنها جەستەیان بریندار نییە، بەڵکو توشی جۆرێک لە 'کەم ئەندامی دەرونی' و زەبری بەردەوام دەبن، توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ئەو ژنانە هەمیشە بە چاوی کەم سەیری خۆیان دەکەن، چێژ لە ژیانی هاوسەرگیری نابینن و دیمەنی بڕینەکە وەک ئەوەی ئەمڕۆ روبدات، سات بە سات لەگەڵیان دەژی.

توێژینەوەکە لەم مانگەدا (کانونی یەکەمی ٢٠٢٥) لە دەڤەری سۆران لەلایەن توێژەر (محەمەد خدر )ـەوە ئەنجامدراوە و تێیدا سامپڵی (٦٨) ژنی خەتەنەکراوی دەڤەرەکەی وەرگرتوە و بە پێوەری زانستیی (Cloitre) شیکاریی بۆ دۆخی دەرونییان کردوە.

کاتێک یادەوەری دەبێتە ئازارێکی ئێستایی

توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە: کاریگەریی خەتەنەکردن لە جەستە تێدەپەڕێت و دەبێتە "زەبرێکی دەرونی" (Trauma)ـی بەردەوام، بەپێی داتاکانی ئەو ژنانە تەنها بیرەوەرییەکی ناخۆشیان نییە، بەڵکو توشی حاڵەتی "فلاشباک" (Flashback) دەبن؛ واتە دیمەن و ئازاری ساتەوەختی خەتەنەکردنەکەیان بەردەوام بۆ دەگەڕێتەوە، وەک ئەوەی لەم ساتەدا روبدات، ئەمەش ئارامی و سەقامگیریی دەرونییان تێکدەشکێنێت.

هەستی "نوقسانی" و کێشەی متمانە

خاڵێکی جەوهەریی توێژینەوەکە ئەوەیە کە ژنانی خەتەنەکراو هەمیشە بەراوردی خۆیان بە ژنانی تر دەکەن و هەست دەکەن "شتێک لە جەستەیان کەمە یان دزراوە”، ئەم هەستکردنە بە کەموکورتی (Inferiority) وایکردوە کە:

- متمانە بەخۆبونیان زۆر دابەزێت.
- توشی خەمۆکی ببن بە رێژەیەکی زیاتر لە ژنانی ئاسایی.
- چێژی سێکسی و سۆزدارییان کەم ببێتەوە، چونکە هەمیشە هەست دەکەن جەستەیان هاوکار نییە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان.

ئازارەکە هەموان یەکسان دەکات

ئەگەرچی باوەڕی باو وایە کە ژینگەی شار یان باری دارایی باش رەنگە کاریگەرییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە ئەو باوەڕە رەد دەکاتەوە. بەپێی ئەنجامەکان، "برینی خەتەنەکردن" هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژنانی گوند و شار، یان هەژار و دەوڵەمەند ناهێڵێتەوە. هەمو ئەو ژنانەی ئەم پرۆسەیەیان لەسەر جێبەجێ کراوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ دەژین، هەڵگری هەمان باری قورسی دەرونین.

پێویستی گۆڕینی ئاڕاستەی چارەسەر

توێژینەوەکە پەیامێکی رون دەدات: خەتەنەکردن تاوانێکە دژی "بایۆلۆژی و دەرونی" مرۆڤ، پاساوە ئایینی و نەریتییەکان تەنها بەرگێکن بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەی کە ئەم کردارە دەبێتە هۆی دروستکردنی کەلێنێکی هەمیشەیی لە نێوان ژن و جەستەی خۆیدا.

لە کۆتاییدا توێژەر راسپاردەی ئەوە دەکات کە چارەسەرکردنی ئەم پرسە تەنها بە قەدەغەکردنی یاسایی تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت مامەڵەی "پزیشکی و دەرونی" لەگەڵ ژنانی قوربانی بکرێت و وەک کەسانی خاوەن زەبری دەرونی (Trauma) ببینرێن، تا بتوانرێت لەڕێگەی چارەسەری دەرونییەوە بەشێک لە متمانە و ئارامییان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

 

زۆرترین بینراوەکان