* نەوژین
لە نوێترین توێژینەوەی (دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی) و راپۆرتی پڕۆژەی (عێراق فلتەر)، دەرکەوتوە کە ژنان گەورەترین قوربانیی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری بون لە ماوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەجۆرێک نیوەی هەواڵە چەواشەکان بە دیاریکراوی بۆ لێدان لە ژنان بەکارهێنراون.
رۆژی پێنج شەممە (٤ـی ١٢ـی ٢٠٢٥)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دامەزراوەی ڤیژن ئەنجامی توێژینەوەی (زانیاریی ناڕاست و چەواشە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان) و راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەی (عێراق فلتەر)ـی بڵاوکردەوە.
لە توێژینەوەکەدا، کە کۆپییەکی دەست نەوژین کەوتوە، ئامارێکی مەترسیدار خراوەتەڕو: ٤٩٪ـی هەواڵە چەواشەکانی ماوەی هەڵبژاردن ئاراستەی ژنان کراوە.
کێ ژنان دەکاتە ئامانج؟ هاوڕێ یان نەیار؟
بەپێی توێژینەوەکە کە لەلایەن (ئارام سەعید و د. هەژان خالید)ـەوە ئامادەکراوە و پشتی بەستوە بە راپرسی لەگەڵ ٥٠ کاندید و پارلەمانتاری نوێ و پێشو؛ ٣٨.٦٪ـی کاندیدەکان رایانگەیاندوە کە لەلایەن "حزبی سیاسی رکابەر”ـەوە زانیاری ناڕاست و چەواشەیان لەسەر بڵاوکراوەتەوە بۆ لێدان لە کەسایەتییان، خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ٨٪ـی کاندیدەکان لەلایەن "حزبەکەی خۆیانەوە" ئەم کارەیان بەرامبەر کراوە.
کاریگەرییەکان و بێ متمانەیی
توێژینەوەکە ئاشکرای کردوە کە ٩٤٪ـی بەشداربوان پێیان وایە زانیاری چەواشە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبوە، دەربارەی کاریگەرییەکە لەسەر ژنان، توێژینەوەکە دەڵێت: ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شەرەف و کەسایەتی کاندیدانی ژن، بریتییە لە ساردکردنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی و ناچارکردنیان بە پاشەکشە.
هەڵەی ستراتیژیی کاندیدەکان
بەشێکی دیکەی توێژینەوەکە تایبەتە بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکان، تێیدا دەرکەوتوە کاندیدەکان "هەڵەی ستراتیژی"یان کردوە.
سەرباری ئەوەی پلاتفۆرمی (تیکتۆک) زۆرترین گەنجی تەمەن ١٦ بۆ ٢٤ ساڵ لەخۆدەگرێت و زۆرترین چەواشەکاری تێدا دەکرێت، بەڵام تەنها ٦٪ـی کاندیدەکان گرنگییان پێداوە، لەبەرامبەردا ٨٤٪ـیان تەنها فەیسبوکیان بەکارهێناوە.
رێوشوێنەکان
سەبارەت بە روبەڕوبونەوەی ئەم دۆخە، توێژینەوەکە دەریخستوە: کاندیدان متمانەیان بە رێکارەکان نییە، بەجۆرێک تەنها ٢.٨٪ـی ئەوانەی هێرشیان کراوەتە سەر، پەنایان بۆ دادگا و رێکاری یاسایی بردوە، هەروەها ٨٦٪ـیان لە ئەدای کۆمیسیۆن رازی نیین لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دیاردەیەدا.