* نەوژین، سومەیە ساڵح
ئەمڕۆ، ٣ـی کانونی یەکەم، رۆژی جیهانیی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانە، بەڵام بۆ ‘ڤینۆس’ هەمو رۆژێک رۆژی بەرەنگاربونەوەیە، لەکاتێکدا پزیشکەکان هەر لە مناڵییەوە پێیان وتبو "چارەسەری نییە"، بەڵام ئەم کچە گەنجە سەلماندی کە ئیرادە لە سەرو جەستەوەیە؛ ئەو ئێستا هەم کاردەکات و هەم بە قەڵەمەکەی ئازارەکانی دەنوسێتەوە.
ڤینۆس عوسمان، لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٧ـە و دانیشتوی چەمچەماڵە، وەکخۆی دەڵێت: لە سکماکیەوە نەخۆشی "پوکانەوەی ئێسک"ـی لەگەڵدایە، سەرباری ئەوەی لە سەرەتای ژیانییەوە پزیشکەکان خێزانەکەیان نائومێد کردبو لەوەی هیچ چارەسەرێکی پزیشکی هەبێت، بەڵام ئەو بڕیاریدا تەسلیمی ئەو واقعە نەبێت.
ژیانی ڤینۆس جەنگێکە لەگەڵ جەستەی خۆی، تا تەمەنی ١٠ ساڵی توانیویەتی ڕێ بکات، بەڵام دواتر بەتەواوی لەپێ کەوتوە. ئەو بۆ ‘نەوژین’ دەڵێت: هیچ ساڵێکم لە ساڵی رابردو باشتر نییە و دۆخم بەرەو خراپتر دەچێت، ئەگەر پێشتر دەمتوانی بە دەستەکانم دەرگا بکەمەوە، ئێستا تەنانەت ناتوانم دەستم بگەیەنمە سەر سەم.
بازرگانییەک بۆ دڵخۆشی، نەک پارە
سەرباری ئەوەی جەستەی یارمەتی نادات، بەڵام ڤینۆس خۆی تەسلیم نەکردوە، ئەو ئێستا لەرێگەی ئینستاگرامی خۆیەوە فرۆشیاری ئۆنلاینە و ئێکسسوارات دەفرۆشێت، کە ئەمە خولیای مناڵیی بوە.
"کارەکەم زیاتر بۆ ئەوەیە دڵتەنگ نەبم، چونکە ماوەیەکی زۆرە لە ژورەوەم، بەڵام زۆر لەگەڵی ماندو دەبم، چونکە دەستەکانم باش کار ناکەن و وێنەگرتن و ڤیدیۆکردنی بەرهەمەکان وزەیەکی زۆرم لێدەبات،" ڤینۆس وا دەڵێت.
بۆ ئەو، قازانجی ماددی لە پلەی دوەمدایە و دەڵێت: "لەڕوی ماددییەوە سودێکی وای نییە، بەڵام لەڕوی دەرونییەوە دڵخۆشم دەکات".
نوسەرێکی شاراوە لە پشتی عەرەبانەکەوە
جگە لە کارکردن، ڤینۆس خاوەنی قەڵەمێکی بەبڕشتە، ئەو کتێبێکی ٢٠٠ پەڕەیی بەناوی ‘رەنگی ئاسمانم بیرچوەتەوە’ نوسیەوە کە باسی ژیان و ئازارەکانی خۆی دەکات، “کارەکانی تەواو بوە و تەنها چاپ و بڵاوکردنەوەی ماوە”.
ئەو کچە گەنجە داواکارییەکی جیاوازی لە خەڵکی هەیە و دەڵێت: "هەمیشە وتومە داوا ناکەم خەڵک ئێکسسواراتم لێ بکڕێت، بەڵام زۆر داواکارم هەموان خوێنەری کتێبەکەم بن، چونکە ژیاننامەی کچێکە کە لە مناڵییەوە بە دەست ئازارەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە".
روبەڕوبونەوەی خێزان و کۆمەڵگە
سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی بۆ ڤینۆس ئاسان نەبوە، خێزانەکەی بەهۆی خراپی تەندروستییەوە دژی کارکردنی بون، بەڵام دواجار توانیویەتی بیسەلمێنێت کە ئەمە سەرچاوەی دڵخۆشییەتی، هاوکات نیگەرانە لەوەی بەشێک لە کەسانی دەوروبەری وەک شتێکی نامۆ سەیری کارکردنی دەکەن.
لەم رۆژە جیهانییەدا، ڤینۆس دو خەونی گەورەی هەیە: ببێتە خاوەنی دوکانێکی گەورەی ئێکسسوارات و ببێتە نوسەرێکی دیاری کورد، تاوەکو دەنگی ئازار و ئیرادەی بگاتە زۆرترین کەس.