* نەوژین
ماوەی چەند ساڵێکە پرسی بڵاونەکردنەوە یان شاردنەوەی ئامارە فەرمییەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بوەتە جێگەی سەرنج، چالاکوانێک هۆشداری دەدات: نەبونی شەفافیەت لە ئامارەکاندا، نەک تەنها کێشەکەی بچوک نەکردوەتەوە، بەڵکو بوەتە هۆی ئەوەی رەهەندە راستەقینەکەی توندوتیژییەکان وەک "نهێنییەکی ترسناک" بمێننەوە و رێگە لە چارەسەری بنەڕەتی بگرن.
ئامار تەنها ژمارەی کوشتن و خۆکوشتن نییە
هانا شوان، چالاکی بواری ژنان و سەرۆکی رێکخراوی راگەیاندن و روناکبیری ژنان، دەڵێت: ئێمە کە باس لە ئامار دەکەین، تەنها سەرنجمان لەسەر ئاماری کوشتن و خۆکوشتن نییە، ئەو ئامارانەی بۆ ئێمە گرنگن و دەبێت تۆمار بکرێن بریتین لە: کوشتن، خۆکوشتن، سوتاندن، خۆسوتاندن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، ئەمە جگە لە سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی وەک؛ توندوتیژی سێکسی، جەستەیی، دەرونی، ئابوری و تەنانەت لێسەندنەوەی مناڵ لە دایکەکانیان.
قەیرانی بڵاونەکردنەوەی ئامار لە عێراق و هەرێم
ماوەی چوار ساڵە، دەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئاماری وردی توندوتیژییەکان بەدور گرتوە، وێڕای داواکاری بەردەوامی رێکخراوەکان و میدیاکان بۆ دەستکەوتنی زانیاری، بەڵام هێشتا وەڵامێکی رون بۆ هۆکاری شاردنەوەی ئەم داتایانە نییە.
هانا شوان دەڵێت: ئەم بێدەنگییە دامەزراوەییە وایکردوە رێکخراوەکان پەنا بۆ سەرچاوەی ناچاری بەرن، زۆرکات وەک رێکخراو بۆ توێژینەوەکانمان پێویستمان بە ئامارە، بەڵام پێمانی نادەن، ئەمەش کارەکەی زۆر قورستر کردوە، ناچار دەبین رێگەی سۆشیال میدیا بگرینەبەر و لەوێوە ئامارەکان کۆبکەینەوە."
بە بڕوای ئەو چالاکوانە، شاردنەوەی ئامار مانای باشبونی دۆخەکە نییە، بەڵکو "نەدانی ئامار بەو مانایە دێت دۆخەکە زۆر خراپە و ژنان ڕوبەڕوی توندوتیژی زۆر دەبنەوە، حکومەت نایەوێت ئەم روەی دەربکەوێت.
میدیا؛ لەنێوان شێواندن و موبالەغەکردن
لەلایەکی دیکەوە، ئەو بۆشاییەی بەهۆی نەبونی ئاماری فەرمییەوە دروست بوە، هەندێکجار میدیا بەشێوەیەکی نەرێنی پڕی کردوەتەوە، سەرۆکی رێکخراوی راگەیاندن و روناکبیری ژنان رەخنە لە بەشێک لە میدیاکان دەگرێت و دەڵێت: میدیا کاریگەری نەرێنی هەبوە، هەندێکیان بەشێوازێکی خراپ داتاکانیان بەکاردەهێنا و موبالەغەیان بە ئامارەکانەوە دەکرد.
کێشەی ‘راپۆرتی سێبەر’
یەکێک لە کێشە جەوهەرییەکان، رێگرییە لە ئامادەکردنی ‘راپۆرتی سێبەر’ بەشێوەیەکی پیشەییانە؛ کە راپۆرتێکی ناحکومییە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چوار ساڵ جارێک وەک بەراوردکارییەک بۆ راپۆرتی حکومەت ئامادەی دەکەن و پێشکەشی لیژنەی "سیداو”ـی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانی دەکەن تا وێنە راستەقینەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربکەوێت.
هانا شوان ئاشکرای دەکات: حکومەت ئاسانکاری ناکات بۆ ئەوەی ئامار بدەین بە راپۆرتی سێبەر، تەنانەت رێگری دەکات.
کۆی ئەم پرۆسەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پلانی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی داناوە، هانا شوان بە نمونەیەکی پزیشکی دۆخەکە روندەکاتەوە: "ئێمە دەبێت دەردەکە بزانین تا بتوانین چارەسەری بکەین، بەڵام کە ئامار نەبێت نازانین دەردەکە چییە تاوەکو بەدوای چارەسەریدا بگەڕێین.
لە کۆتاییدا، ئەو چالاکوانە داوا لە حکومەت دەکات کۆتایی بە سیاسەتی شاردنەوەی داتا بهێنێت و ئاماری ورد و دەقیق بڵاوبکاتەوە، چونکە بەبێ داننان بە بونی قەبارەی راستەقینەی توندوتیژییەکان، مەحاڵە هیچ هەنگاوێک بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بنرێت.