* نەوژین
روپێوی رێکخراوێک لە هەڵەبجە ئاشکرای دەکات لەکۆی زیاتر لە ١٤٤ پۆستی حکومی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی و بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگە و بەش و هۆبە، ٦٠ دانەیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
روپێوییەکە کە رێکخراوی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامییداوە، تیشکدەخاتە سەر پرسی بەشداریی ژنان لە پۆستە کارگێڕییەکاندا. کە تیایدا (٢٣) فەرمانگە وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام داتای (١٦) فەرمانگەیان بە تەواوی و دروستی پڕکراوەتەوە و وەک نمونەی روپێوییەکە کاری لەسەر کراوە.
داتاکان چی دەڵێن؟
لە ئەنجامی شیکردنەوەی داتای ئەو (١٦) دامەزراوەیەدا، دەرکەوتوە؛ لە کۆی (١٠) بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کە خۆیان لە (١١) بەڕێوەبەرایەتی و (٦٦) بەشدا دەبیننەوە، ژنان توانیویانە (٣٧) پۆستی بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی و لێپرسراوی بەش بەدەستبهێنن.
هەروەها لەسەر ئاستی (٦) فەرمانگەی دیکە کە پێکهاتون لە (٥١) بەش و هۆبە، (٢٣) پۆستیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
جیاوازییەکان و ئاماژەکان
خاڵێکی جێی سەرنج لە روپێوییەکەدا ئەوەیە کە لە یەکێک لە فەرمانگەکانی شاری هەڵەبجەدا، سەرباری ئەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی دەگاتە نزیکەی (٢٠٠) فەرمانبەر، بەڵام تەنها یەک پۆستی کارگێڕی بە ژن سپێردراوە.
رێکخراوی نوێ ئاماژەی بەوەداوە ئەنجامەکانی ئەم روپێوییە دەریدەخەن کە ئەگەرچی ژنان وەک ژمارە و هێزی کار لەنێو فەرمانگەکاندا بونیان هەیە، بەڵام وەکپێویست پۆست و بەرپرسیارێتییان لەو دەزگایانەدا نییە.