قوربانییەکی بێدەنگ؛ ئامارە نوێیەکانی بازرگانیکردن بە ژنان لە عێراق و هەرێم مەترسیدارن
ھەواڵ
2025/11/26 , بینین : 118

 

* نەوژین

لە نوێترین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥، پەردە لەسەر دۆخێکی مەترسیدار هەڵدەدرێتەوە کە تێیدا ژنان و کچانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان و ئەوانەی پێشینەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوە، بونەتە قوربانیی سەرەکیی زیادبونی دیاردەی بازرگانیکردن بە سێکس و کاری زۆرەملێ، ئەمەش لە سایەی سیستەمێکی یاسایی لاواز و نەبونی خزمەتگوزاریی پێویستدا کە توانای پاراستنیانی نییە.

ئامارەکان چی دەڵێن؟

لە کۆی ٢٢٣ قوربانی تۆمارکراو لە عێراقدا، ١٠٦ کەسیان ژنی عێراقی بون کە راستەوخۆ کراونەتە قوربانی بازرگانیکردن بە سێکس (٨٣ ژن و ٢٢ کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ). هاوکات ٤٨ ژنی دیکە وەک قوربانی کاری زۆرەملێ لە بواری سواڵکردندا دەستنیشانکراون.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی ئامارەکان کەمێک جیاوازن، بەڵام هێشتا مەترسییەکان ماون:

* ٢٥ ژن قوربانی بازرگانیکردن بە سێکس بون.

* ٤٨ ژن قوربانی کاری زۆرەملێ بون.

خاڵی ئەرێنی لە ئامارەکانی هەرێمدا ئەوەیە، بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٢٣ کە ١١ منداڵ قوربانی بون، لەم ساڵدا هیچ حاڵەتێکی بازرگانیکردن بە سێکسی مناڵانی کچ تۆمار نەکراوە.

پەناگەکان؛ شوێنێک نییە بۆ پاراستنی ژنان

یەکێک لە گەورەترین کێشەکان کە راپۆرتەکە دەستنیشانی کردوە، نەبونی شەڵتەر و پەناگەی پێویستە بۆ ژنانی لێقەوماو، بەشێوەیەک لە هەمو عێراقدا تەنها یەک پەناگەی حکومی هەیە کە توانای لەخۆگرتنی ٨٠ کەسی هەیە و زۆرجار پڕە.

لە هەرێمی کوردستانیش یەک پەناگە هەیە بۆ ٣٨ کەس، بەڵام مەترسیدارترین خاڵ ئەوەیە کە هیچ پەناگەیەکی تایبەت بە مناڵانی کچ نییە، ئەمەش کچانی قوربانی دەخاتە بەردەم چارەنوسێکی نادیار و مانەوە لەسەر شەقامەکان.

یاسا و گەندەڵی؛ رێخۆشکەر بۆ بازرگانان

راپۆرتەکەی ئەمریکا رەخنەی توند لە سیستەمی یاسایی عێراق دەگرێت و بە هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی ئەم تاوانانەی دەزانێت، لەوانە:

یاسای باری کەسێتی: رێگەدان بە هاوسەرگیری کچانی تەمەن ١٥ ساڵ، دەرگای بۆ ئیستغلالکردن و بازرگانیکردن بە کچانی مێردمناڵ واڵا کردوە.

کەمتەرخەمی دادوەری: زۆرجار دادوەران دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە ژنان وەک "تاوانی بچوک" سەیر دەکەن، ئەمەش سزاکانی سوک کردوە و تاوانبارانی بێباک کردوە.

گەندەڵی: بونی گەندەڵی لەناو دەزگا ئەمنییەکان و وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن هەندێک ئەفسەر و فەرمانبەرەوە بۆ چاوپۆشیکردن لە تۆڕەکانی بازرگانی، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە.

چۆن ژنان بپارێزرێن؟

بۆ کۆتاییهێنان بەم مەترسییە لەسەر ژنانی عێراق و هەرێم، راپۆرتەکە چەند هەنگاوێکی بەپەلەی پێشنیار کردوە، لەوانە:

* توندکردنەوەی سزای بازرگانان و هەموارکردنی یاسای باری کەسی بۆ پاراستنی کچان.

* کردنەوەی پەناگەی تایبەت بە ژنان و کچان و دابینکردنی خزمەتگوزاری دەرونی و یاسایی.

* لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی چاوپۆشی لە تاوانباران دەکەن.

* دروستکردنی پردی پەیوەندی بەهێز لە نێوان حکومەت و رێکخراوەکانی ژنان بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی قوربانیان.

زۆرترین بینراوەکان