بە پاساوی "ئاسایی نەبونەوە”؛ ئاماری کوشتنی ژنان چوار ساڵە نهێنییە
ھەواڵ
2025/11/26 , بینین : 110


* نەوژین

لە کاتێکدا هەواڵی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رۆژانە دەبیسترێت، بەڵام لە تۆمارە فەرمییەکانی حکومەتدا 'هیچ ژمارەیەک بونی نییە’؛ چوار ساڵە حکومەتی هەرێم دەرگای ئامارەکانی داخستوە و ژمارەی قوربانیانی کردوە بە 'نهێنییەکی شاراوە'.

بەپێی بەدواداچونەکانی (نەوژین)، دواین جار کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی بە شەفافی بڵاوکردەوە، تایبەت بو بە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ خستیەڕو.

لە دوای ئەو رێکەوتەوە، لە ساڵەکانی ٢٠٢٢، ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و تەنانەت ئێستاش کە لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٥ـین، هیچ ئامارێکی گشتگیر دەربارەی (کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندنی ژنان) لەلایەن حکومەتەوە بە فەرمی نەدراوە بە میدیاکان.

بۆچی ئامارەکان دەشاردرێنەوە؟

نەوژین، لەماوەکانی رابردو چەند جارێک ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیداری وەک؛ بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە ناوچە جیاجیاکان، کردوە، ئەوان چەند پاساوێکیان بۆ ئەم بێدەنگییە هەبوە، دیارترینیان؛

“بڕیاری فەرمی وەزارەتی ناوخۆیە و ناتوانین بۆ میدیاکان ئاماژە بە ئاماری کوشتن و خۆکوشتن بکەین”.
“بڵاوکردنەوەی وردەکاریی تاوانەکان و ژمارەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی دیکە چاو لە تاوانەکان بکەن و "توندوتیژی ئاسایی ببێتەوە”.

 

 

زۆرترین بینراوەکان