* نەوژین
پزیشکێکی پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەرونییەکان، ئاشکرایدەکات: بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوە دەرونییەکان، دەرکەوتوە دوای تەمەنی هەرزەکاری، ژنان بە رێژەی دو هێندە زیاتر لە پیاوان توشی نەخۆشییە دەرونییە باوەکان دەبن، بەتایبەت خەمۆکی و جۆرەکانی دڵەڕاوکێ، ئەم جیاوازییە گەورەیە ئاماژەیە بۆ تێکەڵەیەک لە هۆکارە بایۆلۆژی، جێندەری، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان.
جۆرە باوەکانی نەخۆشی دەرونی لە ژناندا
لەبارەی ئەو نەخۆشیە دەرونیانەی زیاتر ژنان توشی دەبن، د.نەشمیل رەسول، بە نەوژینی راگەیاند: خەمۆکی و دڵەراوکێ باوترین نەخۆشیی دەرونیین کە ژنان روبەڕوی دەبنەوە، ئەوان روبەڕوی دو جۆری باو لە دڵەراوکێ دەبنەوە کە؛ دڵە راوکێی گشتی و هێرشی دڵتەنگی ـن، هەروەها تێکچونی میزاجی پێش سوڕی مانگانە و خەمۆکی دوای مناڵبون دو جۆری دیکەی کێشەی دەرونیی باون کە روبەڕوی ژنان دەبنەوە.
لەبارەی هۆکاری زیاتر توشبونی ژنان بە نەخۆشی و کێشە دەرونییەکان، ئەو پسپۆڕە وتی: هۆکارەکانی پشت ئەم دیاردەیە فرە رەهەندن، گۆڕانکاری و ناجێگیری هۆرمۆنەکان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ژناندا کاریگەری گەورەی هەیە، هەروەها سوڕی مانگانە و مناڵبونیش بەهەمان شێوە کاریگەریان هەیە، لەلایەکی دیکە بۆماوەییش ئەگەر هەیە کاریگەری لەسەر بەرگری دەرونی ژنان هەبێت.
گۆرانكارییه کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانیش هۆکارن بۆ دروستکردنی فشار له سهر تهندروستی دهرونی ژنان
بە وتەی د.نەشمیل، جگە لە هۆکارە بایۆلۆژییەکان، یەکێکی تر لە هۆکارە هەرە باوەکان، بریتییە لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان: توێژینەوەکان دەریانخستوە، ئەو ژنانەی ئەرکێکی زۆرتریان لەسەرە، یان دایکی تەنیا و ژنانی توشبو بە فشارە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانەی لە تەمەنی مناڵیدا دایک یان باوکیان لەدەست داوە، زیاتر توشی خهمۆكی و دڵەڕاوکێ دەبن.
رونی کردەوە: فشارە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی هەمو تاکێک بە تایبەت ژنان، دروست کردوە، "ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ، پاکردنەوە و دابینکردنی خواردن بۆ مناڵ، زۆرجار دەکەوێتە سەرشانی ژنان، ئەمەش فشارێکی زۆرتر لەسەر تەندروستی دەرونییان دروست دەکات، هەروەک لەلایەکی دیکە ئەو ژنانەی کە کار ناکەن، زۆرجار روبەڕوی قسەی ناخۆش دەبنەوە و پێیان دەوترێت کە نانیان پێدەدرێت، ئەمەش فشارێکی دەرونی زۆریان لەسەر دروست دەکات”.
کۆمەڵگە و خێزان هاوکاری ژنان بن تاوەکو دەستیان بە خزمەتگوزارییە دەرونیەکان بگات
ئەو پسپۆڕە، جەختیکردەوە: پێویستە کۆمەڵگا و خێزان پشتگیری تەواوی ژنان بکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە دەرونییەکان رابگات و چارهسهر وهربگرن، بە پێچەوانەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیان دروستدەکات.