* نەوژین
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقی ئاشکراکرد، بەپێی ئەنجامەکە لەکۆی سێ پارێزگاکەی هەرێم، ٦ ژن بە دەنگی خۆیان و شەشی تر بە کۆتا دەچنە پارلەمان.
کاتژمێر ٨ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقی، راگەیاند، بەپێی ئەنجامەکە ١٢ ژن لە سێ پارێزگاکەی هەرێم دەچنە پارلەمان، ئەمەش لەکۆی ٤٦ کاندید.
لەنێو ژنە کاندیدە دەرچوەکان، ٦ـیان بە دەنگی خۆیان دەرچون، لە سلێمانی ٥ ژن و لە هەولێریش ژنێک بە دەنگی خۆیان دەرچون، هاوکات لە هەولێر سێ ژن و لە دهۆک سێ ژن بە کۆتا دەرچون.
ژنە دەرچوەکانی سلێمانی پێکدێن لە؛ دو کاندیدی نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید و مژدە مەحمود، کاندیدێکی یەکێتی؛ سروە محەمەد، کاندیدێکی پارتی؛ ئەشواق جاف و کاندیدێکی رەوتی هەڵوێست؛ بەرزی ئەزمەڕ.
ژنە دەرچوەکانی هەولێر، پێکدێن لە سێ کاندیدی پارتی؛ کە پەروین سورچی بە دەنگی خۆی دەرچوە و هەریەک لە ئاڤێستا کۆیی و چیمەن بارزانی بە کۆتا دەرچون، هەروەها کاندیدێکی یەکێتیش بە کۆتا دەرچوە؛ چنار محەمەد.
ژنە دەرچوەکانی دهۆک، پێکدێن لە سێ کاندیدی پارتی؛ هەلات سەلمان و کەوی میرۆ سەرباری ئەوەی زیاد لە ١٩ هەزار دەنگیان بە دەستهێناوە، بەڵام بە کۆتا سەرکەوتون لەگەڵ ئەوان پەروین ئەکرەمیش بە زیاد لە ٩ هەزار دەنگ بە کۆتا دەرچوە.
ئەنجامەکان هەروەها ئاشکرایانکرد، لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و زۆرترین پارلەمانتاری دەچنە عێراق، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رەوتی هەڵوێستی ـش لە پلەی دوەم و سێیەم دێن بۆ ناردنی زۆرترین پارلەمانتار بۆ عێراق.
رۆژی ١١ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران (پارلەمان)ـی عێراق بەڕێوەچو و دواتر کۆمسیۆن رایگەیاند: رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە دەنگدانەکە ٥٦.١١% بوە.