بۆ یەکەمجار ٧ ژنی کوردستان بە 'دەنگی راستەوخۆی خۆیان' دەچنە پارلەمانی عێراق
راپۆرت
2025/11/13 , بینین : 138


* نەوژین

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمان عێراق سەرکەوتنێکی بێوێنەی بۆ ژنانی هەرێمی کوردستان تێدایە؛ بۆ یەکەمجار، حەوت کاندیدی ژن تەنها بە پشت بەستن بە دەنگەکانی خۆیان و بەبێ سودوەرگرتن لە سیستمی کۆتای ژنان، کورسی پارلەمانیان مسۆگەر کردوە.

هەڵبژاردن تەواو و بو و ئەنجامە بەراییە فەرمیەکانیش لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارندەکانی عێراقەوە راگەیەندران، بەپێی ئەنجامەکان بەشداری لە هەڵبژاردن (٥٦،١%) بوە، بەشێوەیەک لەکۆی زیاد لە ٢٠ ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکی ١١ ملیۆن کەس دەنگیانداوە، لە هەرێمی کوردستانیش رێژەکە ٦٨،٩% بو.

هەر بەپێی ئەنجامەکان، لەنێو ژنە کاندیدەکانی سێ پارێزگاکەی هەرێم ٧ ژن بە دەنگی خۆیان و بەبێ پێویستی کۆتا دەرچون، هاوکات دوای شیکارکردنی کۆتایی لەنێوان سێ بۆ پێنج ژنی دیکە بە کۆتا دەردەچن و بەمەش لەنێوان (١٢ بۆ ١٣) ژن دەچنە پارلەمان. 

دابەشبونی کاندیدە ژنەکان بەپێی بازنە و لیست بەمشێوەیە؛

لە بازنەی هەولێر لەکۆی ١٠٢ کاندید، ٣٤ـیان ژن بون، لەنێو کاندیدە ژنەکان تەنها کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ چیمەن حسێن بە ١٥،٢٥٣ دەنگ، توانیویەتی بە دەنگی خۆی کورسی مسۆگەر بکات، بازنەکە ١٥ کورسی بۆ دیاریکراوە و بەپێی سیستمی کۆتا دەبێت لەنێوانی (٣ بۆ ٤) کورسی بۆ ژنان بێت، بەم پێیەش دو بۆ سێ ژنی دیکە لەڕێگەی کۆتاوە سەردەکەون، لەنێو ژنە کاندیدە سەرنەکەوتوەکان، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ئاڤێستا مام یەحیا، هەیە کە زیاد لە ١٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.  

هەر لە بازنەی هەولێر، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەکۆی ١٢ ژنە کاندید، هیچیان نەیانتوانیوە بە دەنگی خۆیان کورسی مسۆگەر بکەن، نەوەی نوێ ـش سێ ژنە کاندیدی هەبو و هیچیان دەرنەچون، هەڵوێست، دو کاندیدی ژنی هەبو و دەرنەچون، بەرەی گەلەکەمان، ژنێک سەرۆک لیستی حزبەکەی بو، زیاد لە سێ هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام دەرنەچوە، یەکگرتو سێ ژنە کاندیدی هەبو و دەرنەچون، کۆمەڵی دادگەریش دو کاندیدی ژنی هەبون و دەرنەچون، هاوکات سێ ژن لە بازنەی هەولێر بە شێوەی سەربەخۆ کاندید بون و هیچیان دەنگی پێویستیان بۆ چونە پارلەمان بەدەستنەهێناوە.

بازنەی سلێمانی؛ ٥ ژنە کاندید بە دەنگی خۆیان دەچنە پارلەمان

لە بازنەی سلێمانی بەهەمان شێوە ٣٤ کاندیدی ژن هەبون، ژمارەی کورسیە دیاریکراوەکان بۆ بازنەکە ١٨ کورسی و وەک کۆتاش ٥ کورسی بۆ ژنان دیاریکراوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ٥ ژنە کاندیدی شارەکە بە دەنگی خۆیان و بەبێ پێویستی کۆتا دەرچون.

کاندیدە ژنە دەرچوەکان، نەوەی نوێ، لە سێ کاندیدی ژن دو ـی دەرچون؛ سروە عەبدولواحید، بە ٢١،٩٨٠ دەنگ و مژدە مەحمود بە ١٤،٢٠٢ دەنگ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نۆ کاندیدی ژن، یەک ـی بە دەنگی خۆی دەرچوە؛ سروە محەمەد، کە ٦،٩٣٩ دەنگی هێناوە، رەوتی هەڵوێست لەکۆی سێ کاندید یەکێکیان بە دەنگی خۆی دەرچوە؛ بەرزی ئەزمەڕ کە ٣٦٥٤ دەنگی هێناوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، نۆ کاندیدی ژنی هەبو، ئەشواق جاف، کە هاوکات سەرۆک لیستی حزبەکە بو لە بازنەکە، بە ٨،٢٠٣ دەنگ، توانی بێ پێویستی کۆتا دەربچێت.

هاوکات هەریەک لە حزبەکانی یەکگرتو و کۆمەڵ کە هەریەک و ٢ کاندیدی ژنیان هەبو و سۆسیالست یەک، بەرەی گەلەکەمان ٤ كاندیدی ژنی هەبو، هیچیان دەرنەچون.

دهۆک؛ سێ ژن سەرو نۆ هەزار دەنگیان هێناوە

لە بازنەی دهۆک کە ١٩ ژن کاندید بون، یەکێک لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆی ٦ کاندیدی، بە دەنگی خۆی چونی بۆ پارلەمان مسۆگەر کردوە؛ هەلات سەلمان، بە ١٩،٤٥٨ دەنگ، هەر لەسەر لیستی پارتی دو کاندیدی دیکە؛ کەوی میر، بە ١٩،١٨٢ دەنگ و پەروین ئەکرەم بە ٩،٧١٩ دەنگ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاندیدانی دیکەی حزبەکە دەنگی زیاتریان هێناوە، دەرنەچون و ئەگەرەکان بۆ ئەوەن بە کۆتا دەربچن.

هاوکات هەر لە بازنەی دهۆک، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دو ژنە کاندید، یەکگرتو، بەرەی گەلەکەمان و نەوەی نوێ یەکە و دو ژنە کاندیدیان هەیە، کۆمەڵی دادگەری و هەڵوێست یەکە و یەک کاندیدی ژنیان هەیە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە دەربچن.

بەم ئامارە، دەگەینەوە ئەو ئەنجامەی؛ ٧ کاندیدی ژن بۆ چونە پارلەمان پێویستیان بە کۆتا نییە، بەڵام چونکە کۆتای ژنان لە سێ بازنەکەی هەرێم دەبێت لەنێوان (١٢ بۆ ١٣) کورسی بێت، کەواتە ژمارەیەک ژنی دیکە بە کۆتا دەچنە پارلەمان.

زۆرترین بینراوەکان