* نەوژین
ئەنجامەکانی راپرسیەکەی ‘نەوژین’ ئاشکرایدەکەن؛ ٦٨%ـی هاوڵاتیان بڕیاری بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی سبەی داوە، بەڵام ٤٤%ـی بەشداربوان رەدی دەکەنەوە دەنگ بە کاندیدی ژن بدەن.
لە ماوەکانی رابردودا ماڵپەڕ و دیجیتاڵ میدیای نەوژین راپرسییەکی سەبارەت بە هەڵوێستی هاوڵاتیان بەرامبەر بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی دەنگدان بە کاندیدی ژن ئەنجامدا و زیاد لە ١٠٠ کەس بەشدارییان لە راپرسییەکە کرد؛ ئەنجامەکان بەم شێوەیە بون؛
سەبارەت بە پرسی یەکەمی راپرسییەکە، کە ئایا بەشداربوان بڕیاریانداوە بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق دەنگ بدەن؟، ئەنجامەکان جەخت لەسەر ئاستێکی بەرزی ئامادەیی بەشدارییکردن دەکەنەوە، ٦٨.٦%ـی بەشداربوان بە 'بەڵێ' وەڵامیان داوەتەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ دەنگدان دەربڕیوە، لە بەرامبەردا، ١٧.٦% کەس وەڵامی 'نەخێر’ـیان هەڵبژاردوە، لە کاتێکدا ١٣.٧% ئاماژەیان بەوەداوە کە هێشتا بڕیاریان نەداوە یان 'نازانن'. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە دو لەسەر سێی بەشداربوانی راپرسییەکە بڕیاریانداوە دەنگ بدەن.
هەڵوێستی دودڵ بەرامبەر بە دەنگدان بە کاندیدی ژن
لەسەر پرسی ئەوەی کە ئایا بەشداربوان ئامادەن دەنگ بە کاندیدی ژن بدەن، ئەنجامەکان دابەشبونێکی رون نیشان دەدەن، کە نیشانەی دودڵی و ئاستەنگییەکە لەبەردەم کاندیدە ژنەکاندا.
رێژەی ٤٤.١% بەڕونی ئامادەنەبونی خۆیان بۆ دەنگدان بە کاندیدی ژن دەربڕی و وەڵامی 'نەخێر'ـیان داوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها ٢٥.٥% بەڵێنی دەنگدانیان بە ژن داوە، سەرباری ئەمانەش، ژمارەیەکی بەرچاو، کە ٣٠.٤% پێکدەهێنن، وتیان 'نازانم' یان هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.
شیکردنەوەی هۆکارەکانی دەنگدان بە ژن
لەو ژمارە کەسەی کە بەڵێنی دەنگدانیان بە کاندیدی ژن داوە، دابەشبونی هۆکارەکان بەم شێوەیە؛ زۆرینەی هۆکارەکان، بەڕێژەی ٦٥.٩%، لە ژێر ناونیشانی "هۆکاری تر”ـدا کۆکرابونەوە، کە ئاماژەیە بۆ بونی پاڵنەری تایبەت یان شاراوە لە دەرەوەی بژاردە دیاریکراوەکان، لە بژاردە رونەکاندا؛ ١٨.٢% چونکە بەرنامەکەیان پێ باشە دەنگی پێدەدەن، ٩.١%، چونکە کاندیدەکە ئەزمونی هەیە و تەنها ٦.٨% چونکە کاندیدەکە ناسیاویانە (خزم یان هاوڕێ)، دەنگی پێدەدەن.
هۆکارەکانی رەدکردنەوەی دەنگدان بە ژن
٤٤.١%ـی بەشداربوان وەڵامی 'نەخێر' یان هۆکارێکی تریان بۆ دەنگنەدان بە ژن هەبوە، ئاماژەیان بە چەندین هۆکار کردوە. لە گرنگترین هۆکارە پێشنیازکراوەکان بریتین لە: نەبونی ئامادەیی بۆ دەنگدان بە هیچ کاندیدێکی ژن، باش نەبونی بەرنامە و ئەزمونی کاندیدە ژنەکان، یان بونی کەسی ناسراو و دڵخواز لە رەگەزی نێر بۆ دەنگدان.