* نەوژین
حکومەتی عێراق دەستپێشخەری پەنجەمۆر (بصمة) رادەگەیەنێت بۆ پێدانی قەرزی ئاسان بە ژنان بۆ دامەزراندنی پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکانیان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (٥ـی تشرینی دوەم)، دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی راگەیاند بەناوی (بصمة) و ئاشکرایکرد: ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە پێدانی قەرزی مەرج ئاسانە بە ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکانیان لە چوارچێوەی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و توانادارکردنی ئابوری دامەزرێنن و گەشەی پێ بدەن؛ ئەم هەنگاوە بە هاوکاری ژمارەیەک لە بانکە نیشتمانییەکان جێبەجێ دەکرێت.
پشتیوانیکردن لە رۆڵی ژنان و کەمکردنەوەی بێکاری
لەمیانی راگەیاندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران هاتوە: سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختدەکاتەوە: حکومەت بە جددی کار بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ژنان دەکات لە ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دا، وەک بەڵگەی گرنگیدان، ئاماژەی بە دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ژنان کردوە و ئەم دەستپێشخەرییەشی بە درێژکراوەی ئەو هەوڵانە دانا بۆ دابینکردنی هەلی کار و چارەسەرکردنی پرسی بێکاری لەنێو ژناندا.
کەرتی فراوان و پشتگیری تەکنیکی بۆ پڕۆژەکان
پڕۆژەی (بصمة) کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاوازی ژنان دەگرێتەوە، کە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری و تەکنەلۆژیا لەخۆدەگرێت؛ لەوانە پڕۆژەکانی خۆراکی ماڵەوە، درومان، بازرگانی بچوکی ئەلیکترۆنی، کشتوکاڵ، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و باخچەی ساوایان.
گرنگترین خاڵی ئەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە کە حکومەت تەنها قەرز نادات، بەڵکو پلاتفۆرمی راهێنان، راوێژکاری و پشتگیری تەکنیکی بۆ خاوەن پڕۆژەکان دابین دەکات، تا دڵنیابێت لە سەرکەوتنی کارەکانیان.