* نەوژین، شنۆ نوری
سەرباری پێشکەوتنە یاساییەکانی تایبەت بە پرسی ژن لە عێراق، چاودێرانی سیاسی و چالاکوانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژنان هێشتا لەبەردەم کۆمەڵێک کۆسپی کلتوری و پێداویستی حزبی بەهێزدان کە رێگە نادەن بە تەواوی و بە بێ مەرج رۆڵی خۆیان لە پارلەمان و پرۆسەی سیاسی ببینن.
گۆڕانکاریی یاسایی؛ کۆتا دەروازەیەکی ناتەواو بۆ ژنی بەتوانا
نوسەر و چالاکێکی بواری مافی مرۆڤ، لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەدات کە بە بەراورد بە ساڵانی رابردو، ژنان توانایەکی باشیان هەیە لە یەک کاتدا نوێنەرایەتی ژنان و کۆمەڵگاش بکەن. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی یاسای کۆتا لە عێراق هەنگاوێکی گرنگ بو بۆ زیادبونی رێژەی ژنان لە پارلەمان، چونکە ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی ژنانە و وایکردوە حزبە سیاسییەکانیش رکابەری ژنان بهێننە پێشەوە.
رۆژگار موحسین، پێیشی وایە، حزبەکان دەتوانن تێڕوانینی کۆمەڵگا بگۆڕن بەرامبەر بە توانا و دیدگای ژن، ئەمەش تەنها بە بەتواناکردنی ژنان و رەخساندنی دەرفەت بۆیان دێتە دی، هەر بۆیە گرنگە ژنانیش متمانەیان بە توانا و کارامەیی خۆیان هەبێت و بێنە پێشەوە، چونکە کاندیدی ژنی بەهێز هەیە کە دەتوانێت بە دەر لە کۆتا دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت.
ئاڵەنگارییە حزبییەکان؛ ژن لە نێوان توانای و پۆستێکی روکەشیدا
لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ژن لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق کاندیدن، مامەڵەی حزبەکان لەگەڵ پێگەی ژن و لێهاتوییاندا هێشتا بە نایەکسان دەبیندرێت.
یادگار عەلی، رۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ، رونی دەکاتەوە: گرنگە حزبەکان بزانن چی دەسەڵاتێک دەدەن بە ژنان نەک تەنها بۆ جوانکردنی پرۆسەیی سیاسی بیانخەنە ناو سیاسەتەوە، ئەو ئاشکرای دەکات کە حزبەکان دابەش بون بەسەر دو جۆردا؛ هەندێکیان بە پشت بەستن بە توانا و زیرەکی ژنان، رێژەی بەشداری ژنانیان گەیاندوەتە رێژەیەکی باش، بەڵام لە بەرامبەردا، هەندێک حزبی دیکە تەنها بۆ روکەش ژن دەهێننە پێشەوە و پۆستە باڵاکانیان تەنها لە پیاواندا قەتیس کردوە، کە ئەمەش کەمتەرخەمییەکی لایەنە حیزبییەکان نیشان دەدات.
ئەم نایەکسانییە حزبییە لەگەڵ کاریگەرییەکی بەهێزی کلتوری تێکەڵ بوە. یەکێک لە رەنگدانەوەی ئەو بێ متمانەییە کلتورییە، بە وتەی ئاکار عەلی، فێرخوازی زانکۆ، ئەوەیە کە نەک تەنها ژنان، بەڵکو زۆربەی پیاوانیش هێشتا وەک نەریتێکی عەشایەری لە پرۆسەی دەنگدان دەڕوانن؛ بە جۆرێک کە سەرۆکی خێزان بڕیار دەدات کام کاندید هەڵبژێردرێت، و ژنان بەبێ گوێدانە ئاستی زیرەکی کاندید، بەپێی خواستی کەسوکار دەنگ دەدەن، ئەم بێ متمانەییە کلتورییە، وایکردوە ژنان دەنگی کەم بەدەست بهێنن، سەرباری تواناکانیان.
ئومێدی گۆڕانکاری و داوای پێداچونەوەی یاسا
سەرباری هەمو ئەو ئاڵەنگارییانە، ئەزمونی هەڵبژاردنەکان نیشان دەدات کە گۆڕانکاری لە دیدی دەنگدەران دەستی پێکردوە و ژنان دەتوانن بەهۆی توانای خۆیانەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، راهێل تەلعەت، نوسەر، جەخت دەکاتەوە: هێز، توانا و ژیری نیوەی کۆمەڵگا نابێت فەرامۆش بکرێت و دەبێت ژنان هوشیار بکرێنەوە لە گرنگی و بەهای دەنگیان و متمانە بە یەکدی بکەن.
ئاماژە بەوەشدەکات: لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا بینیومانە چەندین ژن دەنگی تەواوی هێناوە و لە کێبڕکێدا لەگەڵ پیاوان بوە و دەنگی زیاتریشی هێناوە. ئەم سەرکەوتنە سەربەخۆیانەی ژنان، داوایەکی نوێی دروست کردوە کە ئەو ژنانەی دەنگی پێویست بە توانا و لێهاتویی خۆیان بەدەست دێنن، نەخرێنە ناو ئەو رێژەیەی کە بۆ کۆتا دیاری کراوە. بەمەش دەسەلمێنرێت کە ژنان دەتوانن بە دەر لە میکانیزمی کۆتاش نوێنەرایەتی بکەن.