
* نەوژین
ژنانی گوندنشین لە هەرێمی کوردستان، چ وەک جوتیار و ئاژەڵدارێکی لێهاتو، چ وەک پارێزەری کلتور و بەها نەتەوەییەکان، رۆڵێکی بێ وێنە و بنەڕەتی دەگێڕن لە بوژانەوەی کۆمەڵگا و ئابوری هەرێم، بەرهەمەکانیان بنەمای ژیانی شارنشینان پێکدەهێنێت و بە رێژەیەکی بەرز هاوکاری پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین، بەڵام سەرباری ئەم رۆڵە گرنگەیان هێشتا روبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی جدی و پەراوێزخستن دەبنەوە.
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی "رێکخراوی ئەدوی” کە لە پڕۆژەکانیان لە گوندەکانی گەرمیان شارەزاییەکی قوڵی هەیە، بە راشکاوی ئاماژە بە کاریگەریی ژنانی گوندنشین دەکات و پێی وایە ژنانی گوند رۆڵێکی زۆر باشیان هەیە لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم.
بە نەوژینی وت: ژنانی گوند جگە لەوەی جوتیارێکی لێهاتو و ئاژەڵدارێکی بە ئەزمونن، بەرهەمەکانیان لە شیر و ماست و پەنیرەوە تا دەگاتە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە بنەمای ژیانی شارنشینەکانیش پێکدەهێنێت، جەختیکردەوە: بەڕێژەیەکی بەرز هاوکارن بۆ بوژانەوەی ئابوری و کشتوکاڵی هەرێم.
جگە لە رۆڵە ئابورییە بەرچاوەکەیان، ژنانی گوندنشین قەڵای پاراستنی کلتوری کوردیشن. ئەوان بەرپرسیارن لە پاراستنی جلوبەرگی کوردیی رەسەن، زمان و شێوەزاری قسەکردن، بەها ئایینییەکان، رێزگرتن و بەخشندەیی. لەیلا ئەحمەد دەڵێت: "ئەوان مناڵەکانیان وا فێرکردوە هێشتا کوردییەکی رون قسە دەکەن، جگە لە خۆیان کلتورە جوانەکانی کوردیان بۆ مناڵ و نەوەکانیان گواستوەتەوە، ئەمەش نیشانەی پابەندبونی قوڵیانە بە ناسنامەی نەتەوەیی.
سەرباری ئەم هەمو رۆڵە گرنگ و سەرمەشقانەیە، ژنانی گوندنشین روبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی جددی و پەراوێزخستن دەبنەوە کە پێویستی بە سەرنجێکی خێرا و چارەسەرێکی گشتگیر هەیە:
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانیان بریتییە لە دەستڕانەگەیشتن بە بنکە تەندروستییەکان. لەیلا ئەحمەد رونیدەکاتەوە کە لە پڕۆژەیەکی ڕێکخراوەکەیان دا بەناوی هۆشیاری تەندروستی و تەندروستی زایندەیی کە ٢١ گوندی گرتوەتەوە، دەرکەوتوە زۆرێک لە ژنانی گوند بە دەست نەخۆشییە ژنانەکانەوە دەناڵێنن، ئاشکرایکرد: بەتایبەت تەمەنی نزیک چل ساڵ و بەسەرەوە؛ ئەوانەی کچیشن توشی نەخۆشییە ژنانەکان بون، زۆرجار باری دارایی خراپیان رێگرە لە چارەسەر و تەنها بە هاوکاریی رێکخراوەکەمان و پزیشکەکان توانیمان بەشێک لە چارەسەریان بۆ دابین بکەین.
“ژنانی گوندنشین بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێزخراون، تەنانەت رێکخراوەکان و حکومەت پێیان زۆرە خولێکی ئاسان و بێ ئەرکی وەک خەیاتیشیان بۆ بکەنەوە، سەختیی هاتوچۆش وایکردوە کە نەتوانن بەشداریی خولەکانی ناو شار بکەن، ئەمەش رێگرە لە گەشەپێدانی تواناکانیان و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ“، لەیلا وای وت.
دەستڕانەگەیشتن بە ئاو کێشەکەی دیکەی ژنانی گوندنشین
لەیلا جەختیکردەوە: سەرباری ئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری ژنانی گوندنشین، بە نزیکەی ٨٠%ـیان، خەریکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن. ئەم سێکتەرانەش پێویستییەکی زۆریان بە ئاو هەیە، بەڵام دەبینین بە زۆری دەستیان بە ئاو ناگات، ئەمەش نەک تەنها کاریگەریی لەسەر پیشەکانیان هەیە، بەڵکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانە و تەندروستیی خێزانەکانیشیان دروستکردوە.