لیزان بەداهێنانەکانی لەبواری جوانکاری و تەکنەلۆژی کوردستان و پێشمەرگە بە جیهان دەناسێنێت
ھەواڵ
2025/10/14 , بینین : 54


* نەوژین

لیزان دزەیی، ژنێکی کوردی لەدایکبوی شاری هەولێر و دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندایە، ماوەی چەند ساڵێکە کاری هونەری و بازرگانی لە بواری جوانکاریی خانمان دا دەکات، لەنوێترین کاریدا، دو پارچەی نوێی ماکیاژی بەناوەکانی؛ “پێشمەرگە” و “ئاڵای کوردستان” وەک بەشێک لە کۆلێکشنی زێڕینی کوردستان دروستکردوە.

بەرهەمەکانی لیزان دزەیی، بەهۆی کوالێتییە بەرزەکەیانەوە، ئێستا شانبەشانی براندە جیهانییەکانی وەک گوچی و دیۆر، لە پلاتفۆرمە ئۆنلاینە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەستن. لیزان بۆ نەوژین ئاماژەی بەوەدا: ئامانجی سەرەکیم لەم هەنگاوە، ناساندنی زیاتری کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش یەکەمین جارە براندێکی جوانکاری بە ناوی کوردییەوە و لەلایەن ژنێکی کوردەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بفرۆشرێت.

سەبارەت بە داهاتی کارەکانی، لیزان، وتی: بەشێک لە قازانجەکانی بۆ مناڵانی بێ سەرپەرشت و کەمدەرامەت تەرخان دەکەم، هەروەها لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە دەدەم.

جگە لە پیشەی جوانکاری، لیزان دزەیی داهێنەری رۆبۆتێکی هەستیارە بە ناوی "LIZAI SoulBot”، ئەم رۆبۆتە خاوەنی توانای دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی و تێگەیشتنە، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی ورەی مرۆڤ لە کاتی روبەڕووبونەوەی کێشەکان، لەبارەیەوە لیزان وتی: دروستکردنی ئەم رۆبۆتە بۆ چەند مانگێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوکات پێیان راگەیاندم کە یەکەمین ژنی کوردم کە بەم شێوەیە داهێنەرانە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردم بەکارهێنابێت.

 

زۆرترین بینراوەکان