کچێک یەکەمی کۆلێژی پزیشکی گشتی زانکۆی گەرمیانە
ھەواڵ
2025/10/01 , بینین : 68


* نەوژین

کچێک یەکەمی کۆلێژی پزیشی زانکۆی گەرمیانە بۆ ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، دەڵێت: هەست بە بۆشاییەک لە بونی پزیشکی نەشتەرگەری گشتیی ژن لە گەرمیان دەکەم و حەزوخولیاشم ئەو بوارەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە و هەوڵدانی دەوێت. 

نیهایەت جەلال، دانیشتوی قەزای کەلار، لەسەر ئاستی گشتی شەش ساڵ خوێندن لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، بوە بە یەکەم، لەبارەی هەوڵ و ماندوبونی لەگەڵ خوێندنەکەی بە نەوژینی وت: بەشی پزیشکی گشتی بەراورد بە بەشەکانی دیکە هەوڵدانی زیاتری پێویستە، ماندوبوم لەگەڵی، بەڵام چونکە حەزوخولیایەکی زۆرم بۆی هەبو، توانیم سەرکەوتوبم و کەمتر هەست بە ماندوبونەکان بکەم.

سەرباری ئەوەی وا باوە کە دەوترێت کۆلێژی پزیشکی گشتی تەواو بکەیت، راستەوخۆ دادەمەزرێیت، بەڵام ساڵی رابردو دەرچوانی کۆلێژی پزیشکی گشتیش لە هەرێمی کوردستان دامەزراندنیان دواکەوت، بەشێوەیەک لەدوای ساڵێک لە تەواوکردنی زانکۆ، رۆژی ١ـی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، بڕیاردرا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم دابمەزرێندرێن و ئەمڕۆ ١ـی تشرینی یەکەم و دەستیان بە دەوام کرد.

نیهایەت دەڵێت: چاوەڕێی دامەزراندنیین لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام گەر نەشبێت لەماڵەوە دانانیشم، بەڵکو بیر لە کارکردن لە کەرتی تایبەت دەکەمەوە، تاوەکو پەرەی زیاتر بە زانستەکەم بدەم.

وەک باسی لێوەکرد: خولیای بون بە پزیشکی نەشتەرگەری گشتیم هەیە، جگە لە خولیا هەستم بە بۆشاییەک لە بونی ژنانی پزیشک لەو بوارە لە گەرمیان کردوە، هەربۆیە هەوڵدانم بۆ ئەوە دەبێت ببمە پزیشکی نەشتەرگەری گشتی، لەگەڵ ئەوەش تەنها خولیا بەس نییە و دەبێت لەدوای کارکردنم لە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان و بەپێی ئاست و هەوڵدانم بڕیار بدەم کە ببم بە پزیشکی چ بوارێک.

کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ کرایەوە و لەنێو کەمپی سەرەکی زانکۆی گەرمیانە لە کەلار، بەشەکە تاوەکو ئێستا دو خولی دەرچونی هەبوە، ساڵانە فێرخواز بە نمرەی ٩٦% بەسەرەوە بەشێوەی زانکۆلاین و پارالێڵ وەردەگرێت.

زۆرترین بینراوەکان