ئەسرین سەفەری؛ ژنە رێچکەشکێنەکەی هونەری هۆرەچڕین
ئەزمونی من
2025/09/21 , بینین : 197


* نەوژین، سومەیە ساڵح

کاتێک ناوی هۆرە دەهێندرێت، هەمیشە وێنای پیاوانێک دێتە پێش چاو کە بە دەنگە بەرز و گڕەکانیان ئەم هونەرە دەچڕن، بەڵام لەنێو ئەم نەریتەدا، ژنێک هەڵکەوتوە کە نەک تەنها دەنگی خۆی بەرزکردەوە، بەڵکو رێچکەیەکی نوێی بۆ ژنانی کورد لەم بوارەدا کردوەتەوە و دەڵێت: “بونی ژنان لەم هونەرەدا پێویستیە”.

ئەسرین سەفەری، ئەو ژنە رێچکە شکێنەیە، ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی داڵەهۆ نزیک سەرپێڵی زەهاو لەدایکبوە، هاوسەرگیری کردوە، دایکی دو مناڵە و ئێستا لە وڵاتی دانیمارک دەژی. 

لەبارەی سەرەتای دەستپێکردنی بە چڕینی هۆرە، ئەسرین بە نەوژینی وت: هەر لەمناڵیەوە بەهۆی ئەوەی دایکم، پور و خاڵم هۆرە چڕ بون، خولیای چڕینی هۆرەم هەبو؛ بەڵام رێچکە شکێنیەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستیپێکرد کە ئەوکاتە تەمەنم لەنێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵ بو، بە دەنگ و رەنگ هۆرەیەکم بڵاوکردەوە، لەنێو رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و شاری کرماشان بە تایبەتی دەنگدانەوەیەکی زۆر زۆری هەبو.

رونیکردەوە: بەشێوەیەک بو، خەڵکانێک رەخنەیان لێدەگرتم کە نابێت ژنێک بە ڤیدیۆ هۆرە بچڕێت و بڵاوی بکاتەوە، لەلایەکی دیکەش خەڵکانێک دەستخۆشیان لێدەکردم و داوای بەردەوامبونیان لێدەکردم.

پێش ئەسرین، هیچ ژنێکی کورد بە دەنگ و ڤیدیۆ هۆرەچڕینی خۆی بڵاونەکردبوەوە، ئەوەی هەبو تەنها لەنێو ماڵەکانیان هۆرەیان دەچڕی، ئەسرین دەڵێت: بۆ ساڵی دواتر واتا ٢٠٠٦ دوێتێکم لەگەڵ خاڵم بڵاوکردەوە بەشێوەی سیدی، ئەمەیان هەر زۆر دەنگدانەوەی هەبو و دونیایەک دەستخۆشیم لێکرا.

بۆماوەی ٢٠ ساڵە، ئەسرین بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپی هۆرەچڕینەکانی و چەندین ڤیدیۆکلیپی کورت و درێژی لە پەڕە تایبەتیەکانی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکردوەتەوە و ڤیدیۆکانی بە هەزاران بینەریان هەیە.

هۆرەیەکی ئەسرین کە لە یوتیوبی خۆی بڵاویکردوەتەوە

هۆرە، کە مێژویەکی زۆر کۆنی هەیە، جۆرێک لە مەقامی کوردیە، کە بەبێ میوزیک دەخوێندرێت، زیاد لە ٢٠ جۆر هۆرە هەیە، کە بەپێی دۆخەکان دەخوێندرێن، بە نمونە، بۆ دۆخی سەرما، گەرما، دڵتەنگی، دڵخۆشی، شەڕ و ئاشتی هەریەکە و جۆرێک لە هۆرە هەیە.  

ئەسرین دەڵێت: پاراستن و هێشتنەوەی هونەری هۆرە چڕین لەلایەن ئێمەی کوردەوە زۆر گرنگە، دەمەوێت وابکەم ئەم هونەرە تەنها لە شارەکانی ئیلام، کرماشان و بەشێکی گەرمیان گرنگ نەبێت، بەڵکو لە هەمو رۆژهەڵات و باشور گرنگی پێبدرێت، چونکە وەک ناسنامەی کورد وایە لە هونەردا، وەکخۆم بە چڕینی هۆرە ئارام دەگرم و بەشێکی گرنگە لە ژیانم.

بەر لە پێنج ساڵ، ئەسرین داوای لە ژنان کرد، بێنە نێو بوارەکە و ڤیدیۆکانی خۆیان لەکاتی چڕینی هۆرە بڵاوبکەنەوە، چونکە بونی ژنان لەبوارەکە گرنگ و پێویستیە، بە وتەی ئومێد رۆستەمی، هاوسەری ئەسرین: لەدوای ئەوە ژنانێک هاتن و ڤیدیۆی خۆیان بڵاوکردەوە، بەڵام هەمویان تەمەنیان گەورەبو و نەیانتوان وەک ئەسرین سەرکەوتو بن، ئەوەش لەکاتێکدا ئەسرین بەبێ هیچ مامۆستایەک بەم ئاستەی گەیشتوە. 

 ئومێد پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ ئەسرین، بەشێوەیەک ئەسرین دەڵێت: گەر هاوسەرەکەم نەبوایە نەمدەتوانی لە کارە بەوشێوەیە سەرکەوتو بم.

زۆرترین بینراوەکان