
* نەوژین، سومەیە ساڵح
خەون و خولیاى مناڵیى کرد بە بڕوانامە و دواتر لە بوارەکەى خۆى براندێکى تایبەت بە بەرهەمە سروشتییەکانى دانا، ئەمە چیرۆکى ئامێز عەبدولرەحمانە، کە ئەندازیارێکى کیمیاوی دانیشتوى هەولێرە و دەڵێت: خولی فێربون بۆ گەنجانیش دەکەمەوە وەک هەوڵێک تاوەکو لەڕێگەیەوە ببنەوە خاوەن ئیشی خۆیان.
ئامێز، بە پشت بەستن بە زانست و خولیا، توانیویەتی خەونەکانی بکاتە راستی و براندێکی تایبەت بە بەرهەمە سروشتییەکان بە ناوی ‘لانای’ دابمەزرێنێت، ئەم ژنە کارامەیە، نەک هەر بۆ خۆی هەلی کاری رەخساندوە، بەڵکو بوەتە هاندەر و یارمەتیدەری گەنجانی تریش بۆ هاتنە نێو ئەم بوارە.
وەک ئەوەى بۆ نەوژین باسى دەکات، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئەندازیاری کیمیاوی لە زانکۆی کۆیە، بەردەوام بوە لە پەرەپێدانی تواناکانی و دیپلۆمێکی ئەمریکی لە بواری دروستکردنی بەرهەمە سروشتییەکان بەدەستهێناوە، جگە لەوە خاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتی و ناوخۆییە لە بوارەکەی خۆیدا و هەمیشە خولیای ئەوەی هەبوە کە کارێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و خزمەتێک بە کۆمەڵگاکەی بکات.
دەڵێت: هەمو کات حەز و خولیای ئیشکردنی خۆمم هەبو، لەگەڵ ئەوەدا زۆرم حەز لێبو خزمەتێک بە کۆمەڵگا و بە گەنجانیش بەتایبەتی بگەیەنم، بەوتەى ئامێز، لەوکاتەى لەگەڵ هاوڕێیەکى لە کۆمپانیایەک کارى دەکرد، باسى بابەتێکى بۆ کردوە و لەوێ بیرۆکەى دامەزراندنى ‘لانا’ لەدایکبوە.
لانای، مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ دروست بوە، واتا رێک سێ ساڵ بەر لە ئێستا، ئامێز دەڵێت: ناوی براندەکە دو ماناى هەیە، یەکەمیان؛ لانەیەکە بۆ بەرهەمە سروشتییەکان و دوەمیشیان ئاماژەیە بۆ دورگەی "لانای" لە ئەمریکا کە بە سروشتە جوانەکەی بەناوبانگە.
تایبەتمەندی سەرەکی بەرهەمەکانی ‘لانای’ ئەوەیە کە لە سروشتەوە سەرچاوە دەگرن، بۆ نمونە؛ سابونی رۆزماری لە گیای رۆزماری، سابونی برنج، سابونی پرتەقاڵ، سابونی زەردەچەوە و سابونی شیر، هەروەها بەکارهێنانی زەیتە سروشتییەکان بەشێکن لە بەرهەمەکانیان، ئامێز جەخت لەوە دەکاتەوە: بەرهەمە سروشتییەکان، جیاواز لە بەرهەمە کیمیاییەکان، لە درێژخایەن دا زیان بە پێست ناگەیەنن و سودبەخشن.
"پرۆسەی دروستکردنی سابوونەکانیش جۆراوجۆرە و رێگای سارد، گەرم و گلیسرین لەخۆدەگرێت، هەندێک لە سابونەکان پێویستیان بە ٦٠ رۆژ هەیە تا بە تەواوی پێدەگەن، جگە لە سابون، ‘لانا’ نزیکەی ٣٠ جۆر زەیتی سروشتیشی هەیە کە وەک دەرمانخانەیەکی سروشتی وان”، ئامێز واى وت.
خول و راهێنان؛ گواستنەوەی ئەزمون بۆ گەنجان
ئامێز لەپاڵ برەودان بە براندەکەى، خول بۆ گەنجان دەکاتەوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە گەنجان بکات بە خاوەن ئیشى خۆیان، وەک دەڵێت: بیرۆکەی کردنەوەی خولەکان لە وەڵامی پرسیاری بەردەوامی خەڵکەوە هات کە چۆن و لە کوێ فێری ئەم پیشەیە بوم، بۆیە هەستم کرد بۆشاییەک هەیە و سەرچاوەى پێویست بە زمانى کوردى نییە، لەبەر ئەوە بە ئەرکى خۆمم زانى وەک ئەندازیارێک، ئەزمونەکەم لەگەڵ گەنجان بەش بکەن و خولیان بۆ بکەمەوە.
ئاشکراى دەکات: کە ژمارەیەکی زۆر کەس لەم خولانە سودیان وەرگرتوە و توانیویانە دەست بەکاری خۆیان بکەن، ناوەڕۆکی خولەکان بریتییە لە فێربونی زانستیانەی دروستکردنی بەرهەمەکان بە هەردو شێوازی تیۆری و کرداری، هەروەها زانیاری لەسەر چۆنیەتی هەڵگرتن، پاکێجینگ، دیزاین و ئەزمونی کارکردنی خۆشیان لەگەڵ فێرخوازەکاندا هاوبەش دەکەن.
ئامێز باوەڕی وایە کە گەنجان خاوەن بیرۆکەی جوانن و دەتوانن بزنسی سەرکەوتو دابمەزرێنن، هیوای ئەوەیە کە رۆژێک بێت هەموان پێکەوە ببنە خاوەنی گەورەترین کارگە و بڕاندی خۆماڵی، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش.