لە گەرمیان هیچ نوسینگەیەکی شۆفێری لەلایەن ژنەوە خاوەندارێتی ناکرێت
ھەواڵ
2025/09/02 , بینین : 67


* نەوژین

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچوی گەرمیان بۆ نەوژین، لە سنورەکە ٨ نوسینگەی شۆفێری هەن، بەڵام هیچ یەکیان لەلایەن ژنانەوە خاوەندارێتی ناکرێن.

موقەدەم؛ سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، بە نەوژینی راگەیاند: پێشتر نوسینگەیەک هەبو بە ناوی ژنێکەوە تۆمارکرابو، بەڵام ئێستا نەماوە، بەڵام جەختیکردەوە: زۆرینەی نوسینەگەکان ستافی مامۆستای کرداری و نوسینەکی ژنیان هەیە، هەروەک سەرجەمیان تێکەڵن واتا هەردو رەگەز دەتوانن لەڕێگەیانەوە فێری شۆفێری ببن.

هەر بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەکە، لەماوەی ساڵی رابردو دا، لە سنورەکە هیچ ژنێک مۆڵەتی شۆفێری گشتی دەرنەهێناوە، لەبەرامبەردا ٢١١ پیاو بون بە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری گشتی.

موقەدەم؛ سامان عەلی، ئەمەی بۆ هۆکاری گۆڕینی شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری گشتی گەڕاندەوە، وتی: شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری پێشتر مەرج تەنها ئەوە بو تەمەنی سەرو ٢٠ ساڵ بێت، بەڵام ئێستا گۆڕاوە؛ دەبێت جگە لەوە، هاوکات بە لایەنی کەم بۆ ماوەی ساڵێک بێت، مۆڵەتی تایبەتی دەرهێنابێت.

ئاشکرایکرد: بەڵام لەنێو مۆڵەتە شۆفێریە تایبەتەکان ژمارەیەکی باش لە ژنان هەن، بەشێوەیەک: ساڵی رابردو، ٣١٨١ مۆڵەتی شۆفێری تایبەت دەرکراوە، لەو ژمارەیە ٢٥٦٧ـیان پیاو و ٦١٤ـیان ژن بون.

زۆرترین بینراوەکان