سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان: رێژەی ژنانی رۆژنامەنوس لە شارەکە بە نزیکەیی ٢٠٪ـە
ھەواڵ
2025/08/23 , بینین : 83


* نەوژین

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئاشکرای دەکات؛ لە سلێمانی لە هەر سێ بۆ چوار رۆژنامەنوس، تەنها یەکێکیان ژنە و هیچ دەزگایەکی میدیایی نییە کە خاوەن ئیمتیاز یان سەرنوسەرەکەی ژن بێت، جگە لەو میدیایانەی تایبەتن بە ژنان.

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، لە لێدوانێک دا بۆ نەوژین رایگەیاند: نزیکەی ٢٧٠٠ ئەنداممان لە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان هەیە، لەگەڵیدا نزیکەی ١٥٠٠ رۆژنامەنوسی دیکە هەن کە ئەندام نین بەڵام لە سنورەکە کاری رۆژنامەوانی دەکەن.

سەبارەت بەڕێژەی ژنان لەنێو رۆژنامەنوسانی سلێمانی دا، کاروان ئەنوەر وتی: بە ژمارەی ورد لامان نییە، بەڵام مەزندە دەکرێت لە سێ بۆ چوار رۆژنامەنوس یەکێکیان ژن بێت، کە ئەمەش رێژەی ٢٠٪ تێناپەڕێنێت، رێژەکە کەمە و لە ئاستی ستانداردی جیهانی دا نییە، بەڵام ئەوەندەی ئاگادارین سلێمانی بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان باشترە.

یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم ژنانی رۆژنامەنوس نەبونیانە لە پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبردنی دەزگاکانی میدیا، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکا دەڵێت: جگە لەو رۆژنامە و دەزگایانەی کە تایبەتن بە ژنان، هیچ دەزگایەکی دیکە نییە سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازەکەی ژن بێت، پێشتر هەبون بەڵام دەستیان لەکارکێشایەوە و نەماون.

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کارکردنی هەندێک دەزگا دا جیاوازیی رەگەزی بونی هەیە و وتی: لە هەندێک شوێن رێگری نییە و ژن زۆر زو دەڕواتە پێشەوە، بەڵام لە هەندێک شوێنی دیکە هەم لەڕوی موچە و هەم لەڕوی پێدانی پۆستەوە جیاوازی لەگەڵ ژنان دەکرێت.

سکرتێری لقی سلێمانی هۆکاری دواکەوتنی ژنانی لەم بوارەدا تەنها بۆ جیاکاریی رەگەزی ناگەڕێنێتەوە، وتی: هەندێکجاریش دواکەوتنی ژنان پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بەهۆی پابەندبونە خێزانییەکانەوە وەک مناڵبون، دوگیانی و خزمەتی ماڵەوە، حەز بە پێشکەوتن ناکەن و دەیانەوێت ئیشێکی ئاسان بکەن، بیرمان نەچێت هەندێکجاریش هەر خودی ژنان دەبنە هۆکاری سەرنەکەوتنی ژنێکی دیکە.

ئەمە و بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٢٣ـی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، ژنان خاوەن ئیمتیازی کەمتر لە (٦٪) و سەرنوسەری نزیکەی (٧٪)ی کۆی دەزگا میدیاییەکان پێکدەهێنن.

زۆرترین بینراوەکان