پارێزەرێک: ترس لە 'لەکەداربون' هۆکاری سەرەکی بێدەنگی ژنانی قوربانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنییە
ھەواڵ
2025/08/20 , بینین : 20


* نەوژین

هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بونەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی گەورەیان لەسەر ژیانی تایبەتی و ئارامی دەرونیی ژنان دروستکردوە، پارێزەرێک دەڵێت، زۆرینەی ئەو ژنانەی روبەڕوی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی دەبنەوە، لە ترسی لۆمەی کۆمەڵگە و لەکەداربونی ناوبانگیان، سکاڵا تۆمار ناکەن و ئەمەش وایکردوە قەبارەی راستەقینەی کێشەکە شاراوە بێت.

سەبارەت بە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ژنانی قوربانی، پارێزەر دڵنیا جیهاد بە نەوژینی وت: ژنانی قوربانی زۆر زۆر لەوە دەترسن کە خەڵک پێیان بزانێت و لەکەدار ببن. ئەم ترسە وایکردوە زۆرینەیان سکاڵا تۆمار نەکەن، بۆیە بەڕای من ناکرێت پشت بە ئامارەکان ببەسترێت بۆ ئەم دیاردەیە، چونکە ئامارە فەرمییەکان تەنها نوێنەرایەتی ئەو کەمینە ژنە دەکەن کە بوێریی تۆمارکردنی سکاڵایان هەبوە.

ژنانی قوربانی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چی بکەن؟

دڵنیا جیهاد رێنوێنیی ئەو ژنانە دەکات کە روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە و دەڵێت: سەرەتا سکاڵا تۆمار بکەن، لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس بەشی تایبەت بەم کەیسانە هەیە و گرنگە بەڵگەی وەک وێنە و سکرینشۆتیان پێبێت.

هاوکات، پێشنیازێکی گرنگ دەخاتەڕو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە ئاسودەیی سکاڵا بکەن؛ "زۆر گرنگە پۆلیسی ژن لەو بەشانە دابنرێت، تاوەکو ژنانی قوربانی شەرم نەکەن و بە ئیسراحەت باسی روداوەکە و کاریگەرییەکانی لەسەریان بکەن".

بە بڕوای ئەو پارێزەرە، چەند هۆکارێک لەپشت زیادبونی ئەم دیاردەیەوە هەن، لەوانە؛ بەکارهێنانی ناهۆشیارانەی سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەت لەلایەن کچان و کوڕانی هەرزەکارەوە کە بەهۆی کەمیی ئەزمونەوە "زو توشی هەڵە دەبن”، بێکاری و هەبونی بۆشاییەکی زۆری کات وایکردوە هەندێک کەس بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانیان پەنا بۆ ئەو کارانە ببەن و خەڵک هۆشیاریی بەرامبەر یاسا و شێوازی دروستی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاش نییە، ئاماژەی بەوەشکرد: قوربانیان زۆرترینیان لە تەمەنی 15 بۆ 35 ساڵیدان و ئەو ژنانەی ئەکاونتیان 'پەبڵیک’ـە، زیاتر روبەڕوی هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە.

چارەسەر؛ جێبەجێکردنی یاسا نەک دەرکردنی یاسای نوێ

سەبارەت بە چارەسەر، دڵنیا جیهاد جەخت لەوە دەکاتەوە: پێویستە هەموان جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا بکەنەوە لەبری داواکردنی یاسای نوێ، دەرکردنی یاسایەکی نوێ تەنیا کاغەزێکی نوێیە و هیچ گۆڕانکارییەک رونادات ئەگەر جێبەجێ نەکرێت".

ناوبراو داواش دەکات "میکانیزمێک دروستبکرێت بۆ پاراستنی ژنانی قوربانی، شایەتحاڵان و خێزانەکانیان" و رێگەش بدرێت بە "رێکخراوەکان پاڵپشتی قوربانیان بکەن".

ئەو خانمە پارێزەرە ئاماژەی بە رۆڵی راگەیاندنەکان ـیش لەم بوارە کرد و وتی: دەتوانن رۆڵێکی زۆر ئەرێنی ببینن، لەبری روماڵی بەردەوامی کوشتن و خۆکوشتن، گرنگیی زیاتر بەم بابەتە بدەن کە ژنان باجێکی قورسی تێدا دەدەن". 

بۆ خۆپارێزیش، هۆشیارکردنەوەی کچان و ژنان بە پێویست دەزانێت تاوەکو بزانن کە "نابێت وێنە و زانیاریی تایبەتی بۆ هیچ کەس بنێرن، شکاندنی بێدەنگی و پشت بەستن بە یاسا، دەبنە کاریگەرترین چەک بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو تاوانانەی کە لە پشتی شاشەکانەوە ژیانی ژنان دەکەنە ئامانج”.

زۆرترین بینراوەکان