نەخۆشییە دەرونییەکان بێدەنگانە خێزان هەڵدەوەشێننەوە
2025/08/19 , بینین : 27

 

* نەوژین، پەرژین کامەران

ژنێک لەبارەی ژیانی هاوسەرییەوە دەڵێت "هاتم بژیم لەگەڵی، کەچی مردم”، ئەم رستەیە تەنها گوزارشتێک نییە، بەڵکو کورتکراوەی تراژیدیای ئەو ژن و پیاوانەیە کە ژیانی هاوبەشیان لەبری ئەوەی ببێتە لانکەی ئارامی، دەبێتە زیندانێکی دەرونی، کاتێک یەکێک لە هاوسەران بەدەست نەخۆشییەکی دەرونییەوە دەناڵێنێت، ئەم راپۆرتە چیرۆکی بێدەنگی ئەو قوربانیانە دەگێڕێتەوە و دەریدەخات کە چۆن نەخۆشییە دەرونییەکان دەتوانن بێدەنگانە خێزانەکان هەڵبوەشێننەوە.

خێزان بە بناغەی کۆمەڵگە دادەنرێت، بەڵام ئەم بناغەیە زۆرجار روبەڕوی شەپۆلی بەهێزی کێشە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە کە دەتوانن پایەکانی بلەرزێنن و بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجارەکی بیبەن، لەناو ئەو گرفتانەدا نەخۆشییە دەرونییەکان وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەردەکەون، کە بە شێوەیەکی بێدەنگ و زۆرجار شاراوە، هاوسەنگی نێوان هاوسەران تێکدەدەن و دەرئەنجامەکەی جیابونەوەیە.

بەدگومانی: کرمێژی متمانە و سەرەتای داڕمان

یەکێک لەو نەخۆشییە دەرونیانەی کە کاریگەرییەکی راستەوخۆ و وێرانکەری لەسەر ژیانی هاوبەش هەیە، "وەهمی بەدگومانی”ـیە. ئەم حاڵەتە دەتوانێت بچوکترین گومان بکاتە دڵنیاییەکی حاشاهەڵنەگر لە مێشکی کەسی توشبودا.

د. نەشمیل رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی دەرونی، لەمبارەیەوە دەڵێت: هەندێک نەخۆشی هەیە کە پەیوەندی بە وەهمەوە هەیە، بە نمونە، کاتێک یەکێک لە هاوسەران گومانی هەیە و وا هەست دەکات هاوژینەکەی خیانەتی لێدەکات، ئەمە کێشەی خێزانی زۆری لێدەکەوێتەوە و توندوتیژیشی بەدوادا دێت.

ئەم تێڕوانینە پزیشکییە لە ژیانی راستەقینەی قوربانییەکان دا بەڕونی رەنگدەداتەوە، دڵسۆز، ناوی خوازراوی ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵە، باس لەوە دەکات کە چۆن بەدگومانییەکانی هاوسەرەکەی، ژیانیانی گەیاندوەتە لێواری هەڵدێری جیابونەوە.

"بەردەوام کێشەمان هەبو، ئێستاش گەیشتوینەتە دوا قۆناغ کە جیابونەوەیە،" دڵسۆز بەم شێوەیە دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆکەی تاڵەکەی کرد و لە درێژەی دا وتی: بەردەوام لەژێر هەڕەشەی کوشتن دا بوم، تەنانەت پێشتر دەیوت خۆم دەکوژم، بەڵام دواتر بیری گۆڕی و وتی 'تۆ دەکوژم ئینجا خۆم'.

کاتێک گومان لە ناخەوە سەرچاوە دەگرێت

هەندێک جار، کێشەکە لە گومانی کەسی بەرامبەرەوە نییە، بەڵکو خودی کەسەکە خۆی بەدەست گومانەوە دەناڵێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچونی باری دەرونی. سارا، ناوی خوازراوی ژنێکی دیکەیە کە تەمەنی ٢٣ ساڵە، نمونەیەکە کە چۆن گومانەکانی خۆی ژیانی هاوبەشی خستبوە مەترسییەوە. "من توشی نەخۆشی دەرونی توند بومەوە بەجۆرێک زۆر کاریگەری لەسەر ژیانی هاوبەشمان بەجێهێشت، دوجار ئەوەندە حاڵەتی دەرونیم خراپ بو کە دەبەی فاسم خوارد تا رزگارم بێت لەم ژیانە”، سارا، وا دەڵێت.

دان بەوەشدا دەنێت کە هەمیشە هەستی دەکرد هاوسەرەکەی گرنگی پێ نادات و خیانەتی لێ دەکات، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کە هەمو ئەمانە تەنها وەهم و گومانێک بون کە لە مێشکی خۆیدا دروستی کردبون.

شاردنەوەی نەخۆشی؛ بۆمبێکی چێندراو لە بناغەی خێزان دا

شارەزایانی بواری خێزانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان، شاردنەوەی کێشە دەرونییەکانە لە قۆناغی پێش هاوسەرگیری دا، ئەم کارە وەک چاندنی بۆمبێکە کە لە داهاتویەکی نزیک دا دەتەقێتەوە و هەمو شتێک وێران دەکات.

پشدەر رەسوڵ، لێپرسراوی هۆبەی ئاشتەوایی خێزانی لە سەنتەری راوێژی خێزانی، دەڵێت: زۆر خێزان کە سەردانمان دەکەن، لە ماوەیەکی کەم دا ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە بەبێ ئەوەی یەکتر بناسن و پێکەوە بگونجێن، یەکێک لەو گرفتانەی کە تەشەنەی سەندوە و بوەتە هۆی جیابونەوە، کێشە دەرونییەکان بوە.هاوکات، پشدەر رەسول، پێی وایە کاتێک خێزان لەسەر بنەمای راست و دروست بنیات نانرێت، کێشە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن.وتی: زۆرجار دو هاوسەر لە ماوەی دەزگیرانی دا کێشە دەرونییەکانیان لە یەکتر دەشارنەوە تا دوای هاوسەرگیری، ئەمەش پێکەوەگونجانی ئەو خێزانە ئەستەم دەکات.

ژیان، ناوی خوازراوی ژنێکی دیکەیە کە بوەتە قوربانی ئەم دیاردەیە، ئەو بە رستەیەک چیرۆکەکەی بۆ کورت کردینەوە، "هاتم بژیم لەگەڵی، کەچی مردم”، لەدرێژەی چیرۆکەکەی دا وتی: هاوسەرەکەم پێش هاوسەرگیری نەخۆشی دەرونی (عەسەبی) هەبوە و پێیان نەوتبوم، دوای هاوسەرگیری زانیم، توندوتیژی زۆرم بەرامبەر دەکات و خۆشم خەریکە تێکدەچم، ئەگەر بەهۆی خراپی ماڵی باوکم و مناڵەکانمەوە نەبێت، دەمێک بو لێی جیادەبومەوە.

زۆرترین بینراوەکان