"ئامارە راستەقینەکانی کوشتنی ژنان دەشاردرێنەوە”؛ رێکخراوێکی ژنان هۆشداری دەدات
ھەواڵ
2025/08/19 , بینین : 23

 

* نەوژین

لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکان باس لە کوشتنی نزیکەی ٥٠ ژن دەکەن ساڵانە، رێکخراوی سەربەخۆی ژنان پێی وایە ژمارە راستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن و زۆرێک لە تاوانەکان وەک "خۆکوشتن و روداو" تۆمار دەکرێن، رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەک دا دەسەڵاتداران بە کەمتەرخەم دەزانێت بەرامبەر ئەم پرسە و داوای هەڵمەتێکی جدی دەکات بۆ پاراستنی ژیانی ژنان.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە زیاتر لە سێ دەیەیە کوردستان لەنێو کێشمەکێشە سیاسییەکان دا نغرۆ بوە و ئەمەش بوەتە هۆی بەردەوامی ستەم و توندوتیژی دژی ژنان. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: "یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان، هەمو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێڕێزیکردنە بە کەسایەتی ئینسانی ژن بە شێوەیەکی رێکخراو لە ئاستی کۆمەڵگەدا.

"فرەژنی وەک کاڵایەک و گێچەڵی سێکسی وەک ژەهر"

رێکخراوی سەربەخۆی ژنان رەخنەی توند لە میدیا و مینبەرە فەرمییەکان دەگرێت و دەڵێت: لەڕوی کۆمەڵایەتی، یاسایی و میدیاییەوە 'فرەژنی' وەک کاڵایەک رۆژانە کۆمەڵگە گوێبیستی دەبێت، گێچەڵی سێکسی و هاندانی توندوتیژی لە مینبەرە فەرمییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک ژەهر دەڕێژرێت و سوکایەتی و هاندان بۆ بەکەم دانانی ژن دەکرێت.

ئامارەکان؛ دیوێکی شاراوەی تراژیدیاکە

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی ٥٠ ژن دەکوژرێن، بەڵام رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئاماری راست و دروست بەردەست نییە" و دڵنییان لەوەی "هەندێک لە کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێنەوە و بە کوشتن ئەژمار ناکرێن، بەڵکو دەکرێنە روداو یان خۆکوشتن.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە خۆسوتاندن و سوتاندنی ژنان بەشێکی دیکەی ئەو تاوانانەن کە لەژێر ناوی "ناموس”ـدا ئەنجام دەدرێن و زۆرجار ژنان لەژێر فشاری خێزان و کۆمەڵگادا ناچار دەکرێن وتەکانیان بگۆڕن.

گوێ نەگرتنی دەسەڵات و بەردەوامی خەبات

رێکخراوی سەربەخۆی ژنان باسی لەوە کردوە کە سەرباری چالاکی جۆراوجۆری رێکخراوەکانی ژنان وەک خۆپیشاندان و کۆنگرەی رۆژنامەوانی، بەڵام "بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی گوێبیستی داوا مەدەنییەکان نییە و پشتگوێی خستوە”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، رێکخراوەکە بانگەوازی لە تەواوی ئەو ژن و پیاوانە کردووە کە باوەڕیان بە ئامانجەکانیان هەیە، پێکەوە خەبات بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان و جیاکاری، لەپێناو گەڕاندنەوەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی، ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران.

 

زۆرترین بینراوەکان