
* نەوژین، بەنان فاروق
من ژیان ئیبراهیم خەیات، ساڵی ١٩٦٣ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی، لەناو لانکەیەکی هونەری دا چاوم بە دنیا هەڵهێناوە، باوکم هونەرمەندی کۆچکردو؛ ئیبراهیم خەیات، گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی ناسراوی کوردستان بو، ماڵەکەمان پڕ بو لە ئاواز و هونەر؛ ژورێکی تایبەتمان هەبو کە باوکم وەک ستۆدیۆ بەکاری دەهێنا، ئەم ژینگە هونەرییە هەر لە مناڵییەوە منی ئاشنای دنیا جوانەکەی هونەر کرد، هەرچەندە گۆرانییەکانی باوکم کاریگەرییان لەسەرم هەبو، بەڵام حەز و خولیای سەرەکی من نواندن بو.
سەرەتای کاروانی هونەری
بۆ پەرەپێدانی خولیاکەم، رومکردە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیشم هەر لەو شارە تەواوکرد بو، ساڵی ١٩٨٣ کاتێک لە ساڵی یەکەمی پەیمانگا بوم، بۆ یەکەمجار وەک ئەکتەرێک چومە سەر شانۆ، شانۆگەرییەکە لە نوسینی "برێخت" و لە دەرهێنانی مامۆستای بەڕێزم "ئیبراهیم مەولود" بو، منیش رۆڵی "حیکایەتخوان”ـم تێدا دەگێڕا.
خۆشبەختانە، بە درێژایی کاروانی هونەریم، کە ئێستا چوار دەیەی تێپەڕاندوە، ڕوبەڕوی هیچ رێگری و رەخنەیەک نەبومەتەوە، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەماڵە هونەرییەی لێوەی هاتوم؛ خێزانەکەم هەمیشە گەورەترین پاڵپشتم بون، کۆمەڵگاش لەبری رەخنە، بەردەوام بە چاوی ڕێزەوە سەیری کارەکانی کردوم و جێی دەستخۆشیم بون.
نواندن، تاکە هەڵبژاردەی من
سەرباری ئەوەی چەندین ساڵە لەم بوارەدام، هیچ کات حەزم بە کاری دەرهێنان نەکردوە و لە پلانیشمدا نییە، پسپۆڕی من نواندنە و ئارەزوی سەرەکیم لەو بوارەدایە، پێموایە هونەر بە گشتی خولیا و ئارەزوە، ئەگەر حەزت بە کارێک نەبێت، ناتوانیت تێیدا سەرکەوتو بیت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە دڵنیاییەوە گرنگە ژنان لە بواری دەرهێنان دا کار بکەن، بونی دەرهێنەری ژن وا دەکات خانمە ئەکتەرەکان هەست بە ئاسودەیی زیاتر بکەن، چونکە ژن باشتر لە ئازار و کێشەکانی ژن تێدەگات و دەتوانێت بە شێوەیەکی جوانتر و راستەقینەتر وێنایان بکات، خۆشبەختانە ئێستا چەند خانمێکی ئەکتەری بەتوانا، چ لە نەوەی کۆن و چ لە نەوەی نوێ، کاری دەرهێنان دەکەن و ئەمەش بۆ داهاتوی هونەری کوردی زۆر گرنگە.
هونەری دوێنێ و ئەمڕۆ
زۆرجار پرسیاری ئەوەم لێدەکرێت کە ئایا هونەری ئێستا باشترە یان رابردو؟، بە بڕوای من ناتوانرێت بەراوردێکی لەو شێوەیە بکرێت، جاران کاری زۆر باش هەبوە و ئێستاش کاری باش و جوان بەرهەم دێت، راستە کە بەهۆی قەیران و کێشەی ماددییەوە رەنگە کارەکان کەمتر بوبێتنەوە، بەڵام هونەرمەندان نەوەستاون و بەردەوامن لە پێشکەشکردنی کاری ناوازە.
کاری هونەری بەگشتی بۆ ژن ئاسان نییە، بەڵام بەراورد بە رابردو، ئێستا دۆخەکە باشترە، پێشتر کۆمەڵگا بە قورسی قبوڵی دەکرد ژن کاری هونەری بکات، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا پێشکەوتنێک بەدی دەکرێت و زۆرێک لە خێزانەکان هانی کچەکانیان دەدەن بۆ چونە نێو ئەم بوارەوە.
رۆڵی ژن لە هونەردا
بونی ژن لە هەر کارێکی هونەری دا، چ شانۆ بێت یان سینەما و دراما، زۆر گرنگە، هونەر بەبێ ژن ناتەواوە، لە سەردەمانی کۆن دا، کە پیاوان رۆڵی ژنیان دەگێڕا، کارەکان تام و چێژی راستەقینەیان نەبو. بەڵام ئێستا، هاتنە پێشەوەی ژنانی زۆر بەهرەمەند و سەرکەوتو بۆ نێو بواری نواندن، جێگای دڵخۆشییەکی گەورەیە و ئاستی کارەکانیان زۆر بەرزە.
من بەشدارییم لە چەندین کاری سینەمایی و تەلەڤیزیۆنی دا کردوە، لەوانە فیلمەکانی "ژانی گەل" (٢٠٠٧)، "شوێنێک بۆ یاری" (٢٠٠٩)، و "کوێستانی قەندیل" (٢٠١٠)، هەروەها لە چەندین شانۆگەری وەک "سەمای ئەسپەکان"، درامای تەلەڤیزیۆنی “رۆژمێری شارێک" و فیلمی هیچ رۆڵم بینیوە، یەکێک لەو کارانەی کە زۆرترین شانازی پێوە دەکەم، کاندیدبونم بو بۆ خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر لە فێستیڤاڵی فیلمی "ئۆپن وۆڵد تۆرۆنتۆ" لە کەنەدا.