یەکەم ژنە بەڕێوەبەری ئاو لە هەرێم: شانازی دەکەم رێچکەیەکم شکاندوە
ئەزمونی من
2026/10/05 , بینین : 112


* نەوژین، بەنان فاروق

ماوەی نزیکەی دو ساڵە ژنێک بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن بەڕێوەدەبات، دەڵێت: لەسەر بنەمای شایستەیی و ئەزمونم پۆستەکەم پێ سپێردراوە و شانازی دەکەم یەکەم ژنە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوم لە ئاستی هەرێمی کوردستان.

بەناز بورهان، ٤٦ ساڵ، دانیشتوی قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و دایکی چوار مناڵە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن ـە و هاوکات یەکەم ژنە لە هەرێمی کوردستان پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەیەکی ئاوی پی سپێردرابێت.

دەڵێت: ٢٦ ساڵ خزمەتم لە کەرتی حکومی هەیە، پێش ئەوکاتەی کە بڕیاربدرێت بکرێمە بەڕێوەبەر، ٧ ساڵ بو جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن بوم، هەروەک  لەسەر بنەمای شایستەیی و ئەزمونی کارکردن پۆستەکەیان پێ سپاردم.

لەبارەی بونی لەم پۆستەدا، بەناز بورهان، دەڵێت: پۆست و پلە بۆ من تەنها نازناو نییە، بەڵکو بەرپرسیارییەتیەکی گەورەیە، زۆر شانازی دەکەم کە یەکەم ژنم ئەم رێچکەیەم شکاندوە و لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ماوەی نزیکی دو ساڵە ئەم ئەرکەم وەرگرتوە.

سەبارەت بە مامەڵەی کۆمەڵگەش لەگەڵیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە "پێچەوانەی بۆچونە باوەکان لەبارەی ناوچە بچوکەکان کە دەوترێت زیاتر پیاو بە شایستەی پۆستە باڵاکان دەزانن، خەڵکی رێزێکی زۆرم لێ دەنێن و متمانەی تەواویان بە تواناکانم هەیە".

لەنێو فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن، ٨ کارمەند کاردەکەن، کە ٦ـیان ژن و ٢ـیان پیاون، بەناز دەڵێت: بونی ژنان لە بەڕێوەبەرایەتیەکان وەک فەرمانبەر و لێپرسراو زۆر گرنگە، چونکە دەستپاكی و خەمخۆریی ئەوان لە کارەکاندا دەبێتە هۆی باشتربونی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە دامودەزگاکاندا.

ئاستەنگییەکانی کارکردن و بەڕێوەبردنی ئاو

فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن رۆژانە روبەڕوی کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمەش بە وتەی بەناز بورهان، لەوانە: "کۆنبونی تۆڕەکانی ئاو، کەمیی بودجە، کەمی سوتەمەنی و ئامێری قورس بۆ چاککردنەوەی بەپەلە. هاوکات کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبونەوەی بارانبارین بوەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و قورسبونی ئەرکی دابەشکردنی ئاو.

"بۆ داهاتو، فەرمانگەکە پلانی دانانی بیری نوێ، نۆژەنکردنەوەی تۆڕە کۆنەکان و بەکارهێنانی سیستەمی نوێی بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچونی ئاو داناوە، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئاو بەسەر هاوڵاتیان دا دابەش بکرێت"، بەناز بورهان وای وت.

زۆرترین بینراوەکان