بۆ خۆدزینەوە لە نەفەقە؛ پیاوان پاساوی خۆهەژارکردن لە دادگا بەکاردەهێنن
ھەواڵ
2026/10/04 , بینین : 139


* نەوژین

لە کاتی جیابونەوەدا، بەشێک لە پیاوان بۆ کەمکردنەوەی نەفەقە و خەرجی مناڵەکانیان، لە دادگادا پەنا بۆ خۆهەژارکردن و شاردنەوەی داهاتی راستەقینەیان دەبەن. پارێزەرێک دەڵێت: دیاردەکە باوە و گرێبەستی کار دەکرێت چارەسەری ئەم دۆخە بکات.

پارێزەر کارۆ کاوە، سەبارەت بە ئەم دیاردەیە لە دادگاکاندا بۆ نەوژین دەڵێت: حاڵەتێکی تاڕادەیەکی باش باوە، بەشێک لە پیاوان بۆ خۆ دزینەوە لە نەفەقە یان بۆ ئەوەی بڕێکی کەم پارەی خەرجی بدەن بە مناڵەکانیان، لای دادوەر وا خۆیان دەردەخەن کە هەژارن.

سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانرێت راستیی داهاتی ئەو کەسانە دەربخرێت کە خۆیان بە بێکار نیشان دەدەن، ناوبراو باسی لەوە کرد کە دادگا لەسەر بنەمای بەڵگە بڕیار دەدات و یاسای سەلماندن لە عێراق دا بەڵگەکانی بەپێی بەهێزی و لاوازی پلەبەندی کردون. بەهێزترین بەڵگەش بەڵگەی نوسراوە.

«بۆ نمونە ئەگەر پیاوەكە خۆی بە هەژارنیشان بدات، بەڵام پارێزەری ژنەكە بەڵگەیەكی نوسراو پێشكەش بە دادگابكات كە پیاوەكە موچە یان داهاتێکی باشی لە شوێنێك یاخود كۆمپانیایەك هەیە ئەوا پیاوەكە لەم بانگەشەیەی دەدۆڕێ و لێپێچینەوەی یاساییشی لەگەڵدا دەكرێت"، پارێزەر؛ کارۆ کاوە، وای وت.

گەر بەڵگەی نوسراو نەبێت، پرۆسەکە پشت بە شایەت دەبەستێت

کارۆ کاوە، جەختیکردەوە: " گەر بەڵگەی نوسراو نەبێت ئەوا دەكرێت ژنەكە شاهێد بهێنێت بۆ سەلماندنی داهاتی پیاوەكەی، بەڵام لێرەشدا پیاوەكە دەستەوەستان ناوەستێ و ئەویش شاهیدی خۆی دەهێنێ بۆ سەلماندنی بانگەشەكەی خۆی، لێرەدا دادگا دەكەوێتە بەردەم دو بەڵگەی یەكسان لە پلەی بەهێزیدا و بەپێی قەناعەتی یاسایی خۆی بڕیاردەدات".

لەبارەی سزای یاسایی ئەو کەسانەی لەبەردەم دادوەردا درۆ دەکەن و شاهیدی ناڕاست دەهێنن، پارێزەر کارۆ کاوە دەڵێت: یاسا سزای بۆ ئەم جۆرە تاوانە داناوە و لە ئەگەری ئاشكرابونی ئەوەی كەسێك شاهیدی درۆی لەبەرامبەر دادگا داوە، ئەوا رەوانەی لێكۆڵینەوە دەكرێت و سزای خۆی وەردەگرێت. 

بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، ناوبراو جەختیکردەوە: چارەسەر ئەوەیە گرێبەستی كار بكرێتە ئیجباری لەنێوان خاوەن كار و كارمەنداندا و لەلایەن حكومەتەوە تۆماربكرێت، بەمەش داهاتی زۆرینەی زۆری خەڵكی ئاشكرا دەبێت بۆ دادگا و چیتر كەس ناتوانێ بە ناڕاست بانگەشەی کەم داهاتی خۆی بكات.

زۆرترین بینراوەکان