لە پەروەردەی وەرزشییەوە بۆ لوتکەی پاڵەوانێتی؛ کچانی زانکۆی سلێمانی بێ پشتیوانی دارایی مێژو دەنوسنەوە
راپۆرت
2026/09/28 , بینین : 40


* نەوژین، هۆزان فەریق

تیپی تۆپی دەستی کچانی یانەی زانکۆی سلێمانی، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمییدا لە پاڵەوانێتیی تۆپی دەستی کچانی عێراق، مێژویەکی نوێی تۆمارکرد و توانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە کاتێکدایە کە تیپەکە روبەڕوی قەیرانی سەختی دارایی و نەبونی پشتیوانییەکی دامەزراوەیی بوەتەوە.

تیپەکە ماوەی دو ساڵ و نیوە دامەزراوە و لە ماوەی هەشت مانگی رابردودا، ستافی راهێنەران و یاریزانانی تیپەکە بەبێ وەستان و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەردەوام بون لە مەشق و راهێنانەکانیان، کە دەرەنجامەکەی کێشانی نازناوەکە بو بۆ شاری سلێمانی.

سەرکەوتن لە ژێر سێبەری قەیرانی داراییدا

کوردۆ عەبدولقادر، راهێنەری یانەی زانکۆی سلێمانی و مامۆستا لە پەیمانگەی وەرزشی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ نەوژین، تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی روبەڕویان بوەتەوە و رایگەیاند: "سەرباری بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتی عێراق لە ماوەی ئەم هەشت مانگەدا، هیچ جۆرە بودجەیەکی تایبەت، موچە، یان پاداشتێک بۆ ستافی راهێنەران و یاریزانان تەرخان نەکراوە".

بە وتەی ئەم راهێنەرە، پاڵپشتییەکان تەنها لە دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە (پاس) و یاریگادا کورت بوەتەوە و بەشێکی بەرچاوی تێچوەکانی دیکە لەسەر شانی راهێنەر و بەڕێوەبەرانی تیپەکە بوە. هەروەها ئاشکرایکرد، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان، زیاتر لە مانگێکە مەشقەکانی تیپەکە راگیراون و چاوەڕێن تاوەکو وەڵامێکی رون و کرداریان بدرێتەوە، ئینجا دەست بە راهێنان دەکەنەوە.

سەبارەت بە دابینکردنی خەرجییەکان، کوردۆ عەبدولقادر رونیکردەوە: "لە قۆناغی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا لە بەغدا، خەرجییەکان لە گیرفانی یاریزانان و چەند بەرپرسێکی یانەکەوە دابین کران، بەڵام بۆ قۆناغی دوەم، بۆردی وەرزشی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی، ئەرکی سپۆنسەری تیپەکەیان گرتە ئەستۆ"، جەختی کردەوە: گەر پاڵپشتی دارایی هەبێت، پلانی زۆرباشمان هەیە و تیپەکە دەگەینینە لوتکە.

سیستەمێکی زانستی و پێکهاتەیەکی فرەچین

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم تیپە، فرەچەشنی پێکهاتەکەیەتی، هەرچەندە تیپەکە لەژێر ناوی زانکۆی سلێمانیدایە، بەڵام یاریزانەکان تەنها لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی پێکنەهاتون، بەڵکو خوێندکارانی پەیمانگە، قۆناغەکانی ئامادەیی و بنەڕەتیش لەخۆدەگرێت، شانبەشانی چەند یاریزانێکی بەئەزمونی پێشو و ئێستای هەڵبژاردەی عێراق.

ئەم پێکهاتەیە دەرەنجامی ستراتیژییەتێکی ئەکادیمییە؛ یاریزانان لە تەمەنی (٨ بۆ ١٢) ساڵییەوە دەستنیشان دەکرێن و دەخرێنە ژێر پرۆگرامێکی راهێنانی بەردەوامەوە تا تەمەنی ٢٠ ساڵی، بە وتەی راهێنەری یانەکە: "ئەم مۆدێلەی ئێمە زانستییە و بە تەواوی جیاوازە لە مامەڵەی بەشێک لە یانەکانی دیکە، کە تەنها چەند مانگێک پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکان دەست بە ئامادەکاری دەکەن".

پەیامێک بۆ خێزانەکان

بەهار عوسمان (٣٧ ساڵ)، کە مامۆستایە لە کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سلێمانی و کاپتن و یاریدەدەری راهێنەری تیپەکەیە، لەبارەی کچە یاریزانەکانی تیپەکەوە وتی: "خۆشحاڵم کە بەشی زۆریان جگە لەم تیپە لە شوێنی دیکەش وەک یاریزان بەشداری لە پاڵەوانێتیەکان دەکەن، هەروەک داوا لە خێزانەکان دەکەم زیاتر پاڵپشتی کچەکانیان بکەن بۆ هاتنە نێو کایەی وەرزش، چونکە ئەمە تەنها یاریکردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سودێکی تەواو بە جەستەی کچەکان دەگەیەنێت".

لەبارەی سودی هەبونی تیپێکی لەم شێوازەش بۆ کچە وەرزشوانانی ناوچەکە، وتی: تیپەکە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و لەلایەن ستافی راهێنانی بەئەزمون و پسپۆڕەوە، یاریزانانی نوێ پەروەردە دەکات، کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەو کچانەی خولیای هاتنە نێو دنیای وەرزشیان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، تەرزە تاریق، یاریزانی تیپەکە و دەرچوی کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی، باس لە کاریگەرییە قوڵەکانی وەرزش دەکات لەسەر ژیانی کەسیی: "بۆ من، تۆپی دەست تەنها یارییەک نییە؛ بەڵکو سەرچاوەی هێز، چالاکی و متمانەبەخۆبونێکی زۆرە و رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەی لە ژیانمدا هەبوە".

زۆرترین بینراوەکان