پۆلیسی هەولێر؛ ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، دایکی چوار مناڵە
ھەواڵ
2026/09/24 , بینین : 71

 

* نەوژین

پۆلیسی هەولێر وردەکاری روداوی کوشتنی ژنێک بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاشکرادەکات و دەڵێت: پێشتریش کێشەیان هەبوە، دەشڵێت: ژنەکە دایکی چوار مناڵ بوە.

نیوەڕۆی دوێنێ، ٢٣ـی ئەیلول، لە گوندی پیرڕەش لە ناحیەی کەسنەزان، پیاوێک بە چەقۆ هاوسەرەکەی کوشت، کە لە ٣٠ـیەکانی تەمەنی دا بو، دوای روداوەکە تۆمەتبار هەڵهات، بەڵام پاش تەنها ٣٥ خولەک لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

لەبارەی وردەکارییەکان، پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ دوەم رونکردنەوەی لەبارەی روداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: تۆمەتبار لەکاتی لیکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانی ناوە بەوەی کە پێشتریش چەند جارێک دەمەقاڵێ لە نێوانیان هەبوە و ژنەکە بەجێی هێشتوە.

باسی لەوەش کردوە: دوێنێ کە ژنەکە بۆ کۆتا جار ماڵەوەی بەجێهێشتوە و رۆشتوەتە ماڵی براکەی، تۆمەتبار هەڵیکوتاوەتە سەر ئەو ماڵەوە و سەرەتا ویستویەتی بە چەک بیکوژێت، بەڵام ژنەکە رێگری کردوە و لێی وەرگرتوە، دواتر پیاوەکە پەنای بردوەتە بەر چەقۆ و چەند چەقۆیەکی لێداوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ و هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە.

پۆلیس رونیشیکردوەتەوە: تۆمەتبار لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو، راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

زۆرترین بینراوەکان