* نەوژین، پەرژین کامەران
لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵا لە بنکەکانی پۆلیس دا، ئەرکی لێکۆڵەر کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەی پەیوەندیدار بە کەیسەکەیە؛ بەڵام هەندێکجار ژنان لەکاتی وتە وەرگرتندا، پرسیاری تایبەتی و نا پەیوەندیدار بە سکاڵاکەیان لێ دەکرێت و هەندێک جاریش ئەم پرسیارانە لەبەردەم کەسانی دیکەدا ئاراستەیان دەکرێت.
ئەم بارودۆخە پرسیارێکی گرنگ لەبارەی سنوری دەسەڵاتی لێکۆڵەر و پاراستنی کەرامەت و نهێنیی قوربانییانەوە دروست دەکات؛ بە تایبەتی کاتێک کەیسەکە پەیوەندی بە بابەتێکی هەستیارەوە هەبێت.
“ژنەکە هاتوە دەڵێت هەرەشەم لێ دەکرێت”
شایەتحاڵێک، کە لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس ئامادەبوە، روداوێک دەگڕێتەوە کە بە چاوی خۆی بینیویەتی: "ژنێک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ سەردانی بنکەکەی کردبو. سەرباری ئەوەی داوای کردبو لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی ئەنجام بدرێت، بەڵام لەکاتی وتە وەرگرتندا و لەبەردەم ئامادەبواندا، لێکۆڵەر پرسیاری تایبەتی لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەو و تۆمەتبارەکەی ئاراستە کرد".
"پرسیار دەبێت پەیوەندیدار بە کەیسەکە بێت"
ئاری لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: لێکۆڵەر تەنها مافی کردنی ئەو پرسیارانەی هەیە کە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی دۆسیەکەوە هەیە، جەختیش دەکاتەوە: لە تاوانە هەستیارەکاندا، هاوڵاتی مافی ئەوەی هەیه داوا بکات لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی و تەنها لەنێوان خۆی و لێکۆڵەرەکەدا لە ژوری لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، دەشبێت لێکۆڵەر بەمە پابەند بێت، ئەگەر لێکۆڵەرێکی پۆلیس بە پێچەوانەی ئەم رێکارانە كار بکات، کەسی زیان لێکەوتو دەتوانێت له رێگهی داواكاری گشتی یان دادوهری لێكۆڵینهوه سكاڵا بکات.
"لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە پرسیارەکان نابێت کەسەکە بخەنە دۆخی شەرمەزارییەوە"
شوان سابیر، چالاكی یاسایی و سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، دەڵێت: یاسا سنور بۆ جۆری پرسیارەکان و شێوازی لێکۆڵینەوە داناوە، له لێكۆڵینهوهدا پرسیارەکان دەبێت راستەوخۆ پەیوەندییان بە تاوانەکەوە هەبێت و نابێت لێکۆڵەر پرسیارێک بکات کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کەیسەکەوە نییە و تەنها کەسەکە دەخاتە دۆخی شەرمەزاری و ئیحراجییەوە، ئەمە تەنها بۆ کارمەندانی پۆلیس نییە، بەڵکو تەنانەت دادوەری لێکۆڵینەوەش دەسەڵاتی بێ سنوری نییە بۆ ئاراستەکردنی هەر پرسیارێک.
کێ مافی لێکۆڵینەوەی هەیە؟
بەپێی مادەکانی ٣٩ و ٥٢ لە یاسای رێوشوێنی دادگاییکردنی سزایی، بنەڕەت ئەوەیە دادوەری لێکۆڵینەوە یان لێکۆڵەری دادوەری لێکۆڵینەوەکە ئەنجام بدەن، بەڵام لە هەندێک بارودۆخی دیاریکراودا بەشێک لە ئەرکەکان دەتوانرێت بدرێتە ئەندامانی "دەستەی زەبتی قەزایی.
بەڵام، وەک شوان سابیر، باسی لێوەدەکات: لە هەندێک بنکەی پۆلیس، لەگەڵ بونی لێکۆڵەری دادوەری، هێشتا پلەداران و کارمەندانی دیکەی پۆلیس وتە وەردەگرن و لێکۆڵینەوە دەکەن.
لای کێ سکاڵا تۆماربکرێت؟
لەبارەی ئەوەی کاتێک ژنێک روبەڕوی حاڵەتی لەم شێوەیە بوەبوە ، سکاڵای یاسایی لای کێ تۆمار بکات، حاکم بورهان ئەحمەد، دادوەری داواکاری گشتی، بۆ نهوژین دهڵێت: لە حاڵەتی بەزاندنی دەسەڵات لەلایەن پۆلیسەوە، هاوڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵا بەرز بکەنەوە تا لیژنەی لێكۆڵینهوه پێکبهێنرێت.