سوهام حەسەن؛ لە دژایەتیی بنەماڵە و تەنگژەی شەقامەوە تا درەوشانەوە لە شانۆ و درامادا
ئەزمونی من
2026/08/29 , بینین : 91


* نەوژین، بەنان فاروق

خانمە هونەرمەند سوهام حەسەن، لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری کۆیە لەدایکبوە و لە هەولێر گەورە بوە. دایکی دو مناڵە و وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری کار دەکات؛ ئەو یەکێکە لە ناوە دیار و پرکارەکانی دنیای نواندن و گۆرانیوتن کە دەیان ساڵە لە پایتەختەوە خزمەتی هونەری کوردی دەکات.

سەرەتاکان؛ لە تیپی هونەرە میللییەکانەوە تا گۆرانییەک لەگەڵ زیاد ئەسعەد

دەستپێکی کاری هونەریی سوهام دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣، کاتێک لەڕێگەی دراوسێیەکەیەوە بانگهێشتی تیپی هونەرە میللییەکان کرا بۆ بەشداریکردن لە تابلۆ هونەرییەکاندا. لەوێوە هەنگاوی نایە ناو دنیای گۆرانیوتنەوە و لە میانەی گەشتێک بۆ بەغدا، لەلایەن سەرۆکی تیپەکەوە هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی گۆرانیی «سەبری» (کە بەرهەمی هەردو هونەرمەند شەهێن تاڵەبانی و عەباسی کەمەندی بو) پێکەوە لەگەڵ هونەرمەند زیاد ئەسعەد بڵێتەوە. پاشان لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەم شانۆگەریی بە ناوی «گوریس» پێشکەش کرد و یەکەم کاری نواندنی لە تەلەڤزیۆن دا لە هەمان ساڵدا بو بە ناوی «چیرۆکی خۆشەویستی» بە دەرهێنانی سەفوەت جەراح.

روبەڕوبونەوەی کۆمەڵگا و ئاستەنگییەکان

هاتنە ناو دنیای هونەر بۆ سوهام لەو سەردەمەدا رێگایەکی گوڵ رێژکراو نەبو. بە وتەی خۆی، "چونکە لە بنەماڵەی «ئاغای حەوێزی» بوم لە کۆیە، بنەماڵەکەم بە توندی دژایەتییان دەکردم و پێیان ناخۆش بو کچەکەیان ببێتە گۆرانیبێژ یان ئەکتەر". هاوکات لە شەقام و کۆمەڵگاش دا روبەڕوی رەخنی توند بوەتەوە؛ لەو سەردەمەدا کە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆم بوم و دەچوم بۆ هونەرە میللییەکان، مناڵان دەكەوتنە دوام و هۆوهۆیان لێ دەکردم، چونكە بونی ژنێک بە ئۆتۆمبێل و کاری هونەرییەوە لەو سەردەمەدا لای کۆمەڵگا شتێکی زۆر نامۆ بو. سەرباری ئەوەی رەخنەکان روخێنەر بون، بەڵام سوهام کۆڵی نەدا و بە ئیرادەی خۆی توانی متمانەی دەوروبەر بەدەستبێنێت و بیسەلمێنێت کە کارەکەی راستە.

دابڕان لە گۆرانی و تەرخانکردنی ژیان بۆ نواندن

سوهام حەسەن کە لە مناڵییەوە خولیای کاری ئارایشتگا بو، بەهۆی روداوێکەوە نەیتوانی درێژە بەو خەونە بدات، لە کۆتاییدا لە نێوان بوارە جیاوازەکانی هونەردا خۆی لە «نواندن»ـدا دۆزییەوە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دوای بڵاوکردنەوەی کۆتا گۆرانیی بە ناوی «دابڕان» (لە ئاوازی دانا عەبدولجەبار)، بە یەکجاری وازی لە گۆرانی وتن هێنا بۆ ئەوەی سەرنجی خۆی تەنها لەسەر نواندن و شانۆ چڕ بکاتەوە.

پاڵپشتیی خێزان و دواین دەستکەوتە هونەرییەکان

سوهام حەسەن دەڵێت: "لە هەمو ئەو رێگایانەدا، تا لە ژیاندا بو دایکم پاڵپشتی سەرەکیم بو، پاشان هاوسەرەکەم یارمەتیدەرێکی گەورە بو بۆم، تەنانەت کاری کلیپکردنی گۆرانییەکانی بۆ ئەنجام دەدام". سوهام لە رەمەزانی ئەمساڵ دا بە رۆڵی «نەجیبە» لە وەرزی سێیەمی درامای «ئەدیابین» دەرکەوت؛ رۆڵێک کە دایکایەتیی بێهاوسەری بەرجەستە دەکرد و دەماری نزیک لە کەسایەتیی راستەقینەی خۆی هەبو، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناو بینەردا هەبو.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای خانمانیش لە هونەردا، سوهام پێیوایە، "بەراورد بە رابردو، کارکردن بۆ خانمانی ئێستا زۆر ئاسانتر و کراوەترە و جێگای خۆشحاڵییە کە بە ئازادانە و بەبێ رێگریی خێزان بەشداریی لە کارە درامییەکاندا دەکەن و سەرکەوتو دەبن".

زۆرترین بینراوەکان