یاسا لە چ کاتێکدا مافی جیابونەوە و تەواوی مارەیی بە ژن دەدات؟
ھەواڵ
2026/08/27 , بینین : 80


* نەوژین

پارێزەرێک ئاشکرایدەکات، بەپێی یاسای باری کەسێتی، لە چەند حاڵەتێکدا گەر ژن خۆی داوای جیابونەوە لە هاوسەرەکەی لە دادگا تۆماربکات، تەواوی مافی مارەیی و شایستە داراییەکانی بۆ دەمێنێتەوە.

بەپێی رونکردنەوەی پارێزەر؛ شاڵاو ئەبوبەکر، یاسای باری کەسێتی کۆمەڵێک دۆخی دیاریکردوە کە تێیدا هۆکاری جیابونەوەکە پەیوەندی بە هەڵەی ژنەوە نییە، بەڵکو بەهۆی پێشێلکاری یان کەمتەرخەمیی لایەنی بەرامبەرەوەیە. دیارترینی ئەو حاڵەتانەش بریتین لە:

یەکەم: زیانگەیاندن بە ژن

گەر  پیاو بە شێوازێک زیان بە هاوسەرەکەی یان مناڵەکەی بگەیەنێت کە بەردەوامبونی ژیانی هاوسەرگیری بکاتە مەحاڵ؛ دادگا بڕیاری جیاکردنەوە دەدات و مارەیی دواخراوی ژنەکە پارێزراو دەبێت. 

• ئالودەبون بە مەشروب یان ماددە هۆشبەرەکان (بە مەرجی سەلماندن بە راپۆرتی لێژنەی پزیشکی فەرمی) و قومارکردن لە ماڵی هاوسەرگیریدا.

• ناپاکی هاوسەری.

• هاوسەرگیریی پێش تەمەنی ١٨ ساڵی، بەبێ مۆڵەتی دادوەر.

• هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا یان بە زۆر، ئەگەر پەیوەندیی هاوسەرگیری رویدابێت، هەروەها ئەگەر پیاوەکە ژنی دوەمی هێنابێت، لەم حاڵەتانەشدا ژنی یەکەم مافی داواکردنی جیابونەوەی هەیە بە پاراستنی مافی مارەیی.

دوەم: هۆکارەکانی تری جیابونەوە

• جگە لە خاڵەکانی پێشو، کۆمەڵێک بارودۆخی تری یاسایی هەن کە تێیدا پیاو مافە سەرەتاییەکانی هاوسەرگیری دابین ناکات، بۆیە ژن مافی داواکردنی جیابونەوەی دەبێت بە پاراستنی مافە داراییەکانی، وەک:

• ئەگەر حوکم بەسەر پیاوەکەیدا درابێت بە سزایەکی بەندکردن بۆ ماوەی ٣ ساڵ یان زیاتر.

• ئەگەر پیاو بۆ ماوەی ١ ساڵ یان زیاتر هاوسەرەکەی بەبێ بیانویەکی قانونی بەجێبهێشتبێت.

• هەبونی نەخۆشی و کێشە جەستەیی یان دەرونییەکان، وەکو توانانەبونی سێکسی، نەزۆکیی بێ هیوا لە چارەسەر یان توشبون بە نەخۆشییە مەترسیدار و گواستراوەکان (وەک شێتی، نەخۆشیی پێست و سیل) کە هیوای چاکبونەوەیان نەبێت.

• ئەگەر پیاو بێ هیچ بیانویەک خەرجیی هاوسەرەکەی نەدات، دادگا مۆڵەتێکی دەدات (کە لە ٦٠ رۆژ زیاتر نەبێت) بۆ ئەوەی خەرجییەکە دابین بکات. ئەگەر لەم ماوەیەدا نەیدا، ژنەکە مافی جیابونەوەی دەبێت.

• نەمان و ونبونی پیاوەکە.

 

زۆرترین بینراوەکان