چرپە: چالاکیەکانم بونەتە هۆی ئەوەی خانمان ببنە خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیان
ئەزمونی من
2026/08/15 , بینین : 61


* نەوژین، بەنان فاروق

خانمێکی دانیشتوی شاری سلێمانی، بە چالاکییە خۆبەخشەکانی کە سەرجەمیان فێرکاریین، دەرگا بۆ سەربەخۆیی ئابوریی ژنان دەكاتەوە؛ دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە خانمان ببنە خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیان".

چرپە ئازاد، تەمەن ٣٢ ساڵ و نیشتەجێی شاری سلێمانی، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ژمێریاریی. ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە کارگەی کەلتوری "کارگەی پێشوی جگەرەی سلێمانی"، دەستیکردوە بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر بۆ فێرکردنی خانمان بە پیشەی جیاواز، لەوانە: دروستکردن و رازاندنەوەی مۆم، چەپکەکردنی گوڵ، دروستکردنی وێنە لەسەر کانڤاس و شانەی قژ و کوپ، هەروەھا دروستکردنی کوپ و چوارچێوەی ئاوێنە و چەندین بابەتی تر.

لەبارەی بیرۆکەکەیەوە، چرپە دەڵێت: "سەرەتا لەڕێگای دانانی پەیجێکەوە بە ناوی (لیلی ئارت سپەیس) دەستم پێکرد. ئامانجی سەرەکیم خزمەتکردنی خانمانە؛ هەم بۆ دەستکەوتنی هەلی کار و هەم بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و ئارامکردنەوەی دەرونیان، چونکە خانمان هەمیشە بە بەرپرسیاریەتییەکانیان ماندون، هەروەک ئامانجمە لەڕێگای چالاکییە فێرکارییەکانەوە خانمان بتوانن ببنە خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆیان".

سەبارەت بە سەرهەڵدانی بیرۆکەکەش دەڵێت: "ئەمە شتێکی نوێ نەبو کە من کردبێتم، پێشتر لە وڵاتانی تر زۆر کراوە، منیش پێم جوان بو و وتم بۆچی لە شاری خۆمدا نەکرێت؟ ئیتر کارم لەسەر کرد و دوبارەم کردەوە؛ خۆمیش هەر لە مناڵییەوە خەریکی کاری دەستی و هونەر بوم، واتە حەز و خولیام وایکرد کە دەست بدەمە ئەم جۆرە چالاکییەکان و کارەکان تەنها بۆ خۆم نەبن، بەڵکو پەرەیان پێبدەم لەگەڵ خانمانی تردا".

چرپە بۆ ئەم کارەی هیچ بڕە پارەیەک لە بەشداربوان وەرناگرێت، زۆرینەی چالاکیەکانیش خۆی سەرپەرشتی دەکات، تەنها هەندێک چالاکیی نەبێت کە پێویستی بە مامۆستای جیاواز هەیە و لەوکاتەدا مامۆستای دیکە بە کارەکە رادەسپێرێت.

چرپە ئازاد، دەڵێت: ئەوەی کە بۆ من زۆر گرنگە و جێی شانازییە، ئەوەیە کە فێرکارییەکانمان جێگای خۆیان گرتوە، بەهۆیەوە چەندین خانم بونەتە خاوەنی پیشەی خۆیان، بەتایبەتی لە بواری مۆم و گوڵپێچانەوەدا؛ بەشداربوم هەبوە دوای چالاکییە فێرکارییەکان بوەتە خاوەن پیشەی خۆی، هەشیبوە خۆی کاری هەبوە، بەڵام لە رێگەی ئێمەوە زیاتر فێری کارەکە بوە و ئەزمونی زیاتری وەرگرتوە.

ئاڵەنگاریەکان و پلانی داهاتو

سەبارەت بە ئەو ئاڵەنگاریانەی چرپە هاتونە پێشی بۆ نەوژین رونیکردەوە: کێشەی نەبونی کەرەستەم هەیە و هەندێک شت بەدەست نایەن کە ئەمانە بۆ من کێشەن.

ئەو پلانی ئەوەشی هەیە چالاکییەکانی گەورەتر بکات "دەمەوێت کارەکانم ببەمە دەرەوەی شار و بۆ شارۆچکەکانی تری کوردستان؛ بەتایبەت بۆ خانمانی ناوچە دورەدەستەکان کە لە شوێنە بچوکەکاندا چالاکیی لەم شێوەیە ناکرێت، تاوەکو بتوانم خزمەت بە خانمانی ئەو ناوچانە بکەم".

روانینی بەشداربوانی چالاکییەکە

هلن حەمید، ٢٥ ساڵ، یەکێکە لە بەشداربوانی چالاکییەکانی چرپە و دەڵێت: یەکەم جارمە بەشداریی چالاکییەکی لەم شێوەیە دەکەم و بە تایبەت لە کەلارەوە هاتوم؛ ماوەی سێ مانگە لە کەلار دوکانێکی تایبەت بە گوڵم کردوەتەوە و ویستم لێرە زیاتر فێر ببم و زانیاریی بەدەست بهێنم.

زیاتر دەڵێت: لەم ئەزمونەوە فێری زۆر شت بوم، لە دروستکردنی چەپکەگوڵی جیاوازەوە تاوەکو تێکەڵکردنی رەنگەکان، کە بۆ پیشەکەم سودی زۆری لێ دەبینم.

پێشیوایە ئەم جۆرە چالاکییانە، خانمان هەم بۆ پیشەکەیان سودی لێ دەبینن، هەم دەرونیشیان ئارام دەبێتەوە.

نوها عوسمان (تەمەن ٢٣ ساڵ)، یەکێکی ترە لە بەشداربوان، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەرستاریی گشتی، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن نەبوەتە خاوەن کار لەبوارەکەی خۆی، ئێستا پلانی هەیە دوکانێکی تایبەت بە گوڵ بکاتەوە.

نوها، ئاشکرایکرد کە هەر لە مناڵیەوە خولیای بوە ببێتە خاوەنی دوکانێکی گوڵفرۆشی، وتیشی: پێشتر خۆم بەتەنیا لە ماڵەوە گوڵم چاککردوە و ئەزمونم لە کەس وەرنەگرتوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە بەشداریی ئەم چالاکییەم کرد.

لەبارەی ئەو زانیاریانەشی کە لە خولەکە فێری بوە، وتی: سودێکی زۆرم لە شێوازی پێچانەوەی گوڵەکان و فێربونی ناوی گوڵەکان و تێکەڵکردنیان وەرگرتوە.


زۆرترین بینراوەکان