ژیاننامەی کچە شەڕڤانێکی رۆژئاوای کوردستان دەنوسرێتەوە
2026/08/08 , بینین : 41


* نەوژین

چیرۆکنوس: ئەحمەد کامەران، نوێترین کتێبی بەشێوازی رۆمانێکی سیاسی و مێژویی بە ناوی «بیرانی شەڕڤانێک» بڵاوکردەوە؛ تێیدا باس لە ژیاننامەی ژنە شەڕڤانێک دەکات.

لە رۆمانەکەدا نوسەر باس لە ژیان و قارەمانێتی کچە شەڕڤانێکی کورد بە ناوی «شلێر» دەکات؛ کچێکی زیرەک و یاخی کە لە چیاکانەوە دەست بە بەرخودان دەکات و تا پلەی فەرماندە لە رۆژئاوای کوردستان هەڵدەکشێت، هاوکات بە وتەی خۆی: تیشک دەخاتە سەر چەندین پرسی نەوتراو و راستییەکی مێژویی کە پێشتر باس نەکراون.

ئەحمەد کامەران، سەبارەت بە ناوەڕۆکی رۆمانەکەی، بە نەوژینی راگەیاند: چیڕۆکەکە بەشی زۆری راستییە و هەندێکی تری خەیاڵی خۆمە. کارەکتەرەکە لە سەرەتاوە لە ساڵی ۲۰۲۳ لە چیاکانەوە وەکو گەریلا و شەڕڤان خەبات دەکات، دوایی لە بەرخودانیی ئەمساڵ دا وەکو فەرماندەیەکی ژن لە رۆژئاوا لەگەڵ هەڤاڵانی بەرخودان دەکات؛ کە من خۆیشم لەوێ بوم لە بەرەکانی پێشەوە لەگەڵ ئەو فەرماندەیەدا.

باسی لەوەشکرد: هەروەها ئاماژەم بەوەکردوە کە باوکی شلێر پێشمەرگەیەکی دێرینە و شلێریش رێگای باوکی بۆ خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەی گرتوەتە بەر، بەڵام خەونەکانی فراوانتر و گەورەترن.

دەربارەی نوسەر

ئەحمەد کامەران، لە ساڵی ١٩٩٨، لە شاری هەولێر لە دایکبوە و شەش ساڵە کاری نوسین دەکات، جگە لەم بەرهەمە خاوەنی چوار بەرهەمی دیکەیە؛ رۆژێکم لەگەڵ ئازارەکانی کچێک (٢٠٢٠)، پەپولە باڵشکاوەکان (٢٠٢٠)، نامەی کچێکی مردو (٢٠٢١) و جەنگ لەگەڵ مەرگ و ژیاندا (٢٠٢٢).

زۆرترین بینراوەکان