* نەوژین، سومەیە ساڵح
هەنار، بە بیرۆکە و توێژینەوە زانستییەکانی و باوکی بە ئەزمونی ساڵانێک لە میکانیکدا، سیستەمێکی ساردکردنەوەیان تایبەت بە کەشوهەوای ناوچەکە دروست کردوە، باوکی جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی باوەڕبونی بە تواناکانی کچەکەی بڕیاری هاوبەشیی داوە، هەناریش ئاماژە بەوە دەکات پلانیان هەیە لە داهاتودا هەلی کاری زیاتر بۆ کچان و ژنانی پسپۆڕ لە بواری ئەندازیاری و تەکنیکیدا بڕەخسێنن.
هەنار نورەدین، تەمەنی ٢٦ ساڵ و دەرچوی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانیە، ئێستا بەڕێوەبەری پڕۆژەی (Wzazan)ـە و لە سلێمانی نیشتەجێیە. باوکی، نورەدین عەبدوڵڵا، ساڵانێکی زۆر لە بواری پیشەسازی و میکانیکدا کاری کردوە و ئێستا پێکەوە پڕۆژەکە بەڕێوەدەبەن.
بیرۆکەی پڕۆژەکە و دابەشکردنی ئەرکەکان
بیرۆکەی دیزاینکردنی ئەم سیستەمە لە ناو خێزانەکەی خۆیانەوە دەستی پێکرد، کاتێک تێبینیی خەرجیی بەرز و کێشەی گەرمای بەتینی هاوین و بەکارهێنانی زۆری کارەبایان کردوە.
هەنار، لەبارەی چۆنیەتیی دەستپێکردنی کارەکەیانەوە دەڵێت: "بیرۆکەکە لە گفتوگۆی بەردەوامی نێوان من و باوکمەوە لەسەر کێشەکانی کارەبا و گەرما دروست بو. باوکم ئەزمونی ساڵانێکی لە بواری پیشەسازیدا هەبو، منیش بە بیرۆکە و بەدواداچونەکانم هاوکاریم کرد تاوەکو گەیشتینە ئەوەی سیستەمێک دروست بکەین کە گونجاو بێت بۆ کەشوهەوای عێراق و کوردستان.
لەم پڕۆژەیەدا، هەنار زیاتر سەرپەرشتیی توێژینەوە، دیزاین، گەشەپێدانی بەرهەم، تاقیکردنەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکان دەکات، لە کاتێکدا باوکی پشتیوانیی تەکنیکی و ئەزمونی سەرپەرشتیکردنی کارگە دابین دەکات.
هەنار، سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ باوکی دەڵێت: "کارکردنم لەگەڵ باوکم تەنها هاوکارییەکی پیشەیی نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی گەورەی دەرونیشە. ئەو ئەزمونی ساڵانی لە پیشەسازیدا هەیە و منیش بیرکردنەوەی نوێ و تەکنەلۆژیای تازە دەهێنم. ئەم هاوبەشییە هۆکاری سەرەکیی چونەپێشەوەی کارەکەمانە".
نوردەین عەبدوڵڵا، باوکی هەنار، لەبارەی کچەکەی و کارکردن لەگەڵیدا دەڵێت: "لە مناڵییەوە حەزی لە فێربون و داهێنان هەبو، من باوەڕم بە تواناکانی هەبو، بۆیە پشتیوانیم کرد تا بە یەکەوە ئەم بیرۆکەیە بکەینە پڕۆژە. زۆر شانازیی پێوە دەکەم، چونکە سەلماندویەتی ژنانیش دەتوانن لە بوارە پیشەسازییەکاندا کار بکەن".
روبەڕوبونەوەی روانگەی کۆمەڵگە
بێگومان کارکردنی کچێک لەبواری پیشەسازی لای خەڵک سەرنجڕاکێشە، هەنار دەڵێت: "لە سەرەتا هەندێک کەس سەرسام بون بەوەی کچێک لە بواری میکانیک و پیشەسازی کار بکات، بەتایبەت گەر لەگەڵ باوکیشیدا بێت، بەڵام هەر زوو تێگەیشتن کە دڵسۆزی و توانایەکی زۆرم بۆ کارەکەم هەیە، هەروەک توانیم متمانەیان بەدەستبهێنم.
گواستنەوەی کارگەکە بۆ هەولێر و پلانی داهاتو
پڕۆژەی Wzazan سەرەتا وەکو وەرشەیەک لە سلێمانی دەستی پێکرد، بەڵام دواتر بەهۆی گونجاوی لەبارەی گەیاندن، بازرگانی و هەلی گەشەپێدان، کارگەی سەرەکییان گواستوەتەوە بۆ شاری هەولێر. سیستمەکە ئاو و کارەبای کەمتر بەکاردێنێت و خەرجیی خێزانەکان کەم دەکاتەوە.
هەنار سەبارەت بە پلانی داهاتویان بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ ژنانی تر، دەڵێت: "پلانی ئێمە ئەوەیە لە داهاتودا ژمارەیەکی زیاتر لە کچ و ژنی پسپۆڕ لە بواری ئەندازیاری و تەکنیکی لە کارگەکەماندا دابمەزرێنین، چونکە باوەڕمان وایە توانای ژنان گرنگە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی.
پەیامی کچ و باوک بۆ کچان و باوک
نورەدین عەبدوڵڵا رو لە باوکان دەکات و دەڵێت: پەیامم بۆ باوکان ئەوەیە: باوەڕ بە کچەکانتان بکەن و پاڵپشتیان بکەن، چونکە ئەگەر دەرفەتیان پێ بدرێت، دەتوانن کاری کارا و سوودبەخش بۆ خێزان و کۆمەڵگە دروست بکەن.»
هەناریش لە پەیامێکیشدا بۆ کچانی دیکە دەڵێت: "پەیامم ئەوەیە کە هیچ سنورێک بۆ کارکردن نییە. ئەگەر باوەڕت بە خۆت بێت و کار بکەیت، دەتوانیت لە هەر بوارێکدا بیت سەرکەوتو بیت، سەرکەوتن بە رەگەز دیاری ناکرێت، بەڵکو بە کار و ئیرادەیە".