* نەوژین
کەیسی گێچەڵی سێکسی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و رابەری رەوتی سەلەفی لە کوردستان، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست ماڵپەڕی (نەوژین) کەوتوە، وەزیری خوێندنی باڵا، واژۆی لەسەر فەرمانی عەزلکردنی ناوبراو کردوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردودا، لیژنەیەک لە زانکۆی سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە پێکهاتبو کە لەلایەن چەند خوێندکارێکی کچەوە لەسەر کێشەی گێچەڵپێکردنی سێکسی ئاڕاستەی ناوبراو کرابون و دوای تەواوبونی کارەکانی لیژنەکە، دەرئەنجامەکان ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا کرابون، تاوەکو بڕیاری کۆتایی دەربارەی بدات.
سزای عەزلکردن چییە؟
جیاواز لە «فەسڵکردن» کە سزایەکی کاتییە و رێگە بە گەڕانەوەی فەرمانبەر دەدات، سزای «عەزلکردن» توندترین بڕیاری کارگێڕییە و بە مانای دورخستنەوەی هەمیشەیی ناوبراو دێت لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت.
بەم بڕیارە د. عەبدوللەتیف بۆ هەمیشە مافی وانەوتنەوە و دامەزراندنەوەی لە زانکۆکاندا نامێنێت، کە ئەمەش تەنها لە کاتی سەلماندنی تاوانی گەورەی ئەخلاقیدا جێبەجێ دەکرێت.
کەتنی کۆمەڵایەتی و سزای بەندکردن
هەر بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، کێشەکە تەنها بە لادانی کارگێڕی و ئەکادیمی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵادا ناوەستێت؛ بەڵکو بەهۆی دەرکەوتنی رەهەندی تاوانکاری (عنصر الجزائي) لە کەیسەکەدا، پێدەچێت دۆسیەکە ئاڕاستەی دادگای تایبەتمەند بکرێت، هەربۆیە ئەگەر کەیسەکە ئەم ئاراستەیە بگرێت و لە دادگا بسەلمێنرێت، دورنییە سزای جەزائیش بدرێت.
فشار و هەڕەشە لەسەر کچانی سکاڵاکار
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکە نیگەرانی قوڵی خۆی لە دۆخی ئەو کچە خوێندکارانە دەربڕی کە سکاڵایان تۆمارکردوە یاخود وەک شایەدحاڵ لە بەردەم لیژنەکەدا ئامادە بون، وتی: لەسەرەتای دروستبونی لیژنەکەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ئەو کچانە روبەڕوی هەڕەشە و فشارێکی دەرونی و کۆمەڵایەتیی زۆر بونەتەوە.
زانیارییەکان هێما بۆ ئەوە دەکەن کە بەشێک لەو کچانە لەژێر کێشەی کۆمەڵایەتیدا لەلایەن خێزانەکانیانەوە رێگرییان لێدەکرێت لەماڵ بێنە دەرەوە، هەروەها لەژێر فشاردا ناچارکراون یان رێگرییان لێکراوە کە بچن شایەدییەکانیان لەسەر کەیسەکە تەواو بکەن.
دەستێوەردانی سیاسی و هۆکاری شاردنەوەی ئەنجامەکان
سەبارەت بە هۆکاری تاوتوێکردنی کەیسەکە لە پشت پەردەکان و رانەگەیاندنی فەرمیی ئەنجامەکان بۆ رای گشتی تاوەکو ئێستا، سەرچاوەکە هۆشداریدا لە هەبونی مەترسیی جدیی دەستێوەردانی سیاسی دا.
وتیشی: مەترسی هەیە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە مەبەستی داپۆشینی دۆسیەکە یان کەمکردنەوەی قورسایی سزاکان، دەستوەردانی سیاسی بکرێت، سەرچاوەکە ئەم خاڵەی وەک هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی راگەیاندنی فەرمی دەرەنجامی بڕیارەکە ناوبرد.