بە پەنجەکانیان بژێوی خێزانەکەیان دابیندەکەن؛ چیرۆکی دو خوشکی نابیست لە هەولێر
ئەزمونی من
2026/03/17 , بینین : 70


* نەوژین، سومەیە ساڵح

نەبونی توانای بیستن نەبوەتە رێگر لەبەردەم دو خوشک بۆ ئەوەی ببنە خاوەنکار و بژێوی خێزانەکەیان دابین بکەن، ئەوان لەڕێگەی دروستکردنی کەرەستە و ئێکسسواراتی کوردەوارییەوە، توانیویانە لەنێو ماڵەکەیاندا کارێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دروست بکەن و روبەڕوی ئاستەنگە داراییەکان ببنەوە.

شنۆ عەزیز، لەدایکبوی ١٩٨٤ و بۆکان عەزیز لەدایکبوی ١٩٩٩، دو خوشکی نابیست و کەمبیستن، شنۆ فەرمانبەرە لە پەیمانگای هیوای نابیستان و بۆکان بەهۆی کێشەی کەمبیستییەوە لە پۆلی نۆیەمدا ناچار بوە واز لە خوێندن بهێنێت، ئەوان ئێستا پێکەوە لە بواری دروستکردنی ئێکسسوارات و کەلوپەلی کوردەواریدا کار دەکەن.

سەرەتای کار و فێربون

بیرۆکەی کارەکە لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن شنۆوە دەستی پێکردوە، کە سەرەتا بە هاوکاری هاوڕێیەکی فێری چنین بوە و دواتر لەڕێگەی یوتیوبەوە پەرەی بە تواناکانی داوە لە بواری ئێکسسواراتی دەستیدا، بۆکانی خوشکیشی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا و دوای تەواوکردنی خولی فێربون لە پەیمانگای هانا، بە هاندانی دایکی و خوشکەکانی دەستی بە کارکردن کردوە و ئێستا لە هەمو بابەتەکاندا شارەزایی پەیدا کردوە.

بەرهەمەکان و شێوازی کارکردن

بەرهەمەکانی ئەوان زیاتر رەنگدانەوەی کلتوری کوردەوارییە، وەک: کڵاو، کۆڵوانە، هێلەک، تەسپیح، دەستبەند، مێخەک و شیتەک، بۆکان باس لە وردەکارییەکان دەکات و دەڵێت: "هەر بابەتێک کات و ماندوبونی خۆی دەوێت؛ بۆ نمونە کڵاوێک لە ٣٠ خولەکەوە تا ٢ کاتژمێر دەخایەنێت، چونکە پرۆسەی دیزاینکردن و هەڵبژاردنی رەنگەکان کاتی دەوێت”، جەختیش دەکاتەوە: ئەم کارەی ئێمە دەیکەین تەنها بۆ سەرقاڵبون نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆمان و خێزانەکەمانە.

ئاستەنگەکانی پەیوەندیکردن و فرۆش

ئەم دو خوشکە ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکەیان تەنها بۆ سەرقاڵبون نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی بژێوەی ژیانیانە. یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانیان لەکاتی پێشانگاکاندا روبەڕویان دەبێتەوە؛ بۆکان دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی ئێمە نابیست و کەمبیستین، زۆرجار کڕیاران پرسیار دەکەن یان بابەتێکیان دەوێت و لێیان تێناگەین، بۆیە دایکم و شیرازی خوشکم هەمیشە لەگەڵمانن و هاوکاریمان دەکەن”.

هەروەها ئەوان باس لەوە دەکەن کە فرۆشیان زیاتر لە پێشانگا و فێستیڤاڵەکانە و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە فرۆشیان کەمە، ئەمەش وای کردوە داهاتەکەیان ناجێگیر بێت.

پەیام و داواکاری لە حکومەت

سەبارەت بە ڕوانگەی کۆمەڵگە، ئەوان دەڵێن خەڵک رێز لە کارەکانیان دەگرێت و زۆرجار بۆ پاڵپشتیکردنیان بەرهەمەکانیان دەکڕن، پەیامیشیان بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە: "لە خەونەکانتان نەکەون، مەترسن و بەردەوام بن، چونکە بە دڵنیاییەوە دەگەنە ئامانجەکانتان”.

شنۆ و بۆکان گلەیی ئەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا حکومەت و رێکخراوەکان هاوکارییەکیان نەکردون، گەورەترین داواکارییان دابینکردنی شوێنێکی جێگیرە لەنێو پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر، تاوەکو بتوانن بەرهەمەکانیانی تێدا نمایش بکەن و داهاتێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان و خێزانەکەیان دابین بکەن، خەونی گەورەی ئەوان ئەوەیە کە کارەکانیان زیاتر بناسرێت و نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو بگاتە هەمو جیهان.


زۆرترین بینراوەکان