* نەوژین، فاتیمە فاروق
لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە ژنێک لەنێو جەرگەی بازاڕی شاری رانیە ـدا دوکانێکی کردوەتەوە و وەک یەکەم ژنی کاسبکاری ئەو سنورە دەستی بەکار کردوە، دەڵێت: لەکاتی کردنەوەی دوکانەکەمدا دەیانوت ژن ناتوانێت لە بازاڕدا کار بکات و پێشبینی داخستنیان دەکرد، بەڵام من نەک هەر بەردەوام بوم، بەڵکو بومە هاندەریش بۆ ژنانی دیکە.
ئاستەنگە سەرەتاییەکان و گۆڕانی روانینەکان
ئامینە قادر، ٥٩ ساڵ خاوەنی دوکانی نەرمەواڵە ـیە، کە پێداویستییەکانی نوستن و بەرگەسەرین و دۆشەک دەفرۆشێت، باسلەوەدەکات، لەکاتی کردنەوەی دوکانەکەیدا، روبەڕوی لۆمە و گاڵتەجاڕی زۆر بوەتەوە؛ “بەشێک لە خەڵکی پێیان دەوتم ژن ناتوانێت لە بازاڕدا کار بکات، پێشبینی داخستنی دوکانەکەیان لە ماوەی مانگێکدا دەکرد”.
دەشڵێت: زۆرکات بەهۆی نامۆیی بونم لە بازاڕەکە، چونکە ژنی دیکەی لێ نەبو، گومان لە رەچەڵەکم دەکرا و زۆرکات پرسیاری ئەوەیان لێ دەکردم کە ئایا خەڵکی شارەکەم یاخود لە شار و وڵاتی ترەوە هاتوم.
دابینکردنی بژێوی و خوێندنی مناڵان
ئامانجی سەرەکی ئامینە لە کارکردن، دابینکردنی بژێوی خێزان و تێچوی خوێندنی مناڵەکانیەتی کە خوێندکاری زانکۆن، لە ئێستادا، هاوسەرەکەشی هانداوە بۆ کاری بازاڕ و پێکەوە وەک دو هاوکار لە دوکانەکەدا سەرقاڵی کاسبین، دەڵێت: توانیومە بەرێژەیەکی باش هاوسەنگی لەنێوان کارەکانی ناوماڵ، وەک خزمەتی مناڵەکان و ماڵەکەم و کاری بازاڕدا رابگرم.
کاریگەری لەسەر ژنانی دیکە
لە ئێستادا تێڕوانینی بازاڕ بۆ کارەکەی گۆڕاوە و لەبری رەخنە، دەستخۆشی لە ئامینە دەکرێت، ئەزمونەکەی بوەتە هاندەر بۆ ژنانی دیکەی ناوچەکە تاوەکو دەست بە کاری سەربەخۆ بکەن و لەنێو بازاڕی شارەکەدا دوکان بکەنەوە، ئەو دەڵێت: سەرباری بچوکی دوکانەکە و لاوازیی بازاڕ، بەڵام پلانم هەیە لە داهاتودا کارەکەم فراوانتر بکەم و هەلیکار بۆ ژنان بڕەخسێنم.
پەیام بۆ ژنانی کاسبکار
ئەم ژنە کاسبکارە داوا لە ژنان دەکات کە لە دەستپێکردنی کار نەترسن؛ “رەنگە لە سەرەتادا روبەڕوی زیان و رێگری ببنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتن بەدەست دێت”.