تارا یەکەمین کافێی تایبەت بە ژنانی لە سلێمانی کردوەتەوە
ئەزمونی من
2026/02/16 , بینین : 74


* نەوژین، بەنان فاروق

لە هەنگاوێکی جیاوازدا بۆ تێپەڕاندنی نەریتە باوەکانی ناو بازاڕ و رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ژنان، تارا یەکەمین کافێی تایبەت بە خانمانی لە شاری سلێمانی کردوەتەوە، دەڵێت: “دەمویست شوێنێک هەبێت، ژن تێیدا تەنها خۆی بێت”.

لە خەونێکی دوانزە ساڵەوە بۆ واقیع

تارا محەمەد، تەمەن ٥٥ ساڵ، دەرچوی ئامادەیی بازرگانی و فەرمانبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییە، چیرۆکی پڕۆژەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: دوانزە ساڵ بو خەونی بونیادنانی شوێنێکی وەهام هەبو، شوێنێک کە ژنان تێیدا ئازاد بن لەوەی کێ و چۆن دەیانبینێت، دواجار بەر لە نزیکی شەش مانگ کافێیەکم بەو شێوازە کردەوە.

تارا لە گەڕەکی بەکرەجۆی تازە، کافێی (M’ Lday)ی کردوەتەوە. وەکخۆی دەڵێت، ئامانجی تەنها قازانجی دارایی نییە، بەڵکو شکاندنی ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتییانەیە کە رێگرن لەبەردەم چونی خانمان بۆ شوێنە گشتییەکان.

پەیامی ئەم کافێیە رون و بێپەردەیە: "چونەژورەوە تەنها بۆ ژنانە”، تارا جەخت دەکاتەوە: پیاوان رێگە پێدراو نیین بۆ هاتنە نێو کافێکە، نە وەک میوان و نەک وەک کارمەند، ئەو دەڵێت: "زۆر خێزان هەن رێگری لە کچەکانیان دەکەن بچنە کافێیە تێکەڵەکان، کافێکەی ئێمە دەبێتە دەرچەیەک بۆ ئەو خانمانە تا بەبێ نیگەرانی و بە ئاسودەیی کاتەکانیان بەسەر ببەن”.

لە ئێستادا تارا و کارمەندێکی، سەرپەرشتی کارەکان دەکەن، کافێکە لە سەعات ٤ـی پاشنیوەڕۆ تا ١٠ـی شەو کراوەیە و بوەتە جێگەی ژوان و کۆبونەوەی کچان، مامۆستایان و تەنانەت خوێندکارانیش کە بۆ وانەخوێندن روی تێدەکەن.

بەرەو گەڕەکە میللییەکان؛ پلانی داهاتو

هەرچەندە لە ئێستادا بە وتەی خۆی، “کرێی کافێکەی لە موچەی فەرمانبەرییەکەی دابین دەکات و پڕۆژەکە هێشتا نەگەیشتوەتە قۆناغی سودی ماددی”، بەڵام ئیرادەی تارا بۆ فراوانکردنی کارەکەی بێ سنورە؛ پلانی هەیە لقی تری کافێکەی بباتە ناو ئەو گەڕەکە میللیانەی کە ژنان تێیاندا کەمترین دەرفەتی چونە دەرەوەیان هەیە، بە هیوایەکی زۆرەوە دەڵێت: دەمەوێت هەلی کاری زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێنم تا ببنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان.

زۆرترین بینراوەکان