پسپۆرێکی هێرشە ئەلکترۆنییەکان: ترس لە ‘باوک و برا’ ژنانی کردوەتە نێچیرێکی ئاسانی هەڕەشەکاران
ھەواڵ
2026/02/10 , بینین : 7


* نەوژین

شارازایەکی بواری چارەسەرکردنی هێرشە ئەلکترۆنیەکان هۆشداری دەدات، ترس لە پەرچەکرداری باوک وبرا، بوەتە گەورەترین خاڵی لاوازی ژنان لە بەردەم ئەو کەسانەی لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە هەرەشە دەکەن، دەشڵێت: هەڕەشەکاران ئەمە دەقۆزنەوە بۆ ملکەچکردنی ژنان و ناچارکردنیان بە دزیی پارە و ئاڵتونی ماڵەوە.

ئەردەڵان ئەرسەلان، کە ساڵانێکە کار لە چارەسەرکردنی هێرشە ئەلکترۆنییەکان دەکات، بە نەوژینی راگەیاند: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، کاتێک پەیوەندییەک لەنێوان کچ و کوڕێک کۆتایی دێت، هەڕەشە ئەلکترۆنییەکان وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێن و کوڕان دەست بە هەڕەشەکردن لە کچان دەکەن، بە وێنە و ڤیدیۆکانیان یانیش چاتەکانیان، هۆکاری سەرەکی بە ئامانجگرتنی ژنان ئەوەیە کە کوڕەکە زۆرکات دەزانێت کە کچەکە ناتوانێت لەم حاڵەتەدا پەنا بۆ خێزانەکەی ببات.

ئەو شارەزایە رەخنە لە مامەڵەی خێزانەکان دەگرێت و دەڵێت: زۆرجار خێزانەکان لەبری ئەوەی بپرسن ئەو پیاوە بۆچی هەڕەشە دەکات، پرسیار لە کچەکە دەکەن کە بۆچی سەرەتا قسەی لەگەڵ کردوە، ئەمەش وایکردوە کوڕەکان ئەو ترسە کۆمەڵایەتییە بقۆزنەوە و هەڕەشەی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکە لای باوک و براکانیان بکەن.

ژنانی هاوسەردار؛ نێچیرێکی تری ناو داوەکە

پێچەوانەی تێگەیشتنی گشتی کە وابیردەکرێتەوە تەنها کچانی گەنج دەبنە قوربانی، ئەردەڵان ئەرسەلان، ئاشکرای دەکات: زۆربەی ئامانجەکان لە قۆناغی دوای هەرزەکاریدان، بەتایبەت ژنانی هاوسەردار، ئەو دەڵێت: بەشێکی زۆری هەڕەشەکان لە ژنانی هاوسەردار دەکرێت، کە پێشتر لە کاتی هەرزەکاریدا پەیوەندییان هەبوە و ئێستا کەسەکە دێتەوە و بە نامە و وێنە کۆنەکان هەڕەشەی تێکدانی ژیانی ئێستایان لێ دەکات.

جۆری هەڕەشەکانیش تەنها سەرانەستاندن نییە، بەڵکو دەستدرێژیی جەستەیی و داواکاریی نەشیاو یان تۆڵەسەندنەوەی کەسیشی تێدایە؛ "ژن هەبوە ناچار بوە ئاڵتون یان پارەی ماڵەوە ببات تەنها بۆ ئەوەی وێنەکانی بڵاونەکرێتەوە”.

جیاوازیی نێوان پیاوان و ژنان لە هێرشەکاندا

سەبارەت بە جیاوازیی رەگەزی لەم تاوانانەدا، ئەردەڵان ئەرسەلان رونی دەکاتەوە کە پیاوان هەمیشە لەلایەن "باندە ئەلکترۆنییەکانەوە تەنها بۆ دەستکەوتنی پارە" دەکرێنە ئامانج، سەبارەت بە ژنان، فشارەکە تەنها ماددی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جەستە و ناوبانگیشیانەوە، ئەمەش وا دەکات قوربانییەکە هەمو شتێک بکات تەنها بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبونەوەی وێنەکانی بگرێت.

چارەسەر لە دەرەوەی تەکنەلۆژیا

ئەم شارەزایە، کە کێشەی دەیان کەسی چارەسەر کردوە، پێیوایە کلیلی رزگاربون لەم تەڵەیە تەنها لایەنی تەکنیکی نییە، بەڵکو پێویستی بە "ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی" هەیە، وتی: دەبێت بە عەقڵ و دەرون مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکارەکە بکرێت و دەرەنجامی کارەکەی بخرێتە بەرچاو؛ "پێیان دەڵێین کە ئەگەر وێنەکان بڵاوبکەیتەوە رەنگە ببێتە هۆی کوشتنی ژنەکە، بەڵام دواجار یاسا دەتدۆزێتەوە و تۆ دەبیتە تاوانباری بکوژ”.

چۆن خۆت دەپارێزیت؟

وەک رێکارێکی خۆپارێزی، ئەردەڵان ئەرسەلان ئامۆژگاری ژنان دەکات، ژیانی تایبەتی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار بکەن و لە ناسینی کەسی نەناسراو دوربکەونەوە، جەختیش دەکاتەوە: باشترین رێگە، راستگۆییە: "کاتێک هەڕەشەت لێ دەکرێت، پێش دەزگا ئەمنییەکان پەنا بۆ باوک و براکەت بەرە و پێیان بڵێ هەڵەیەکم کردوە، ئەم راستگۆییە دەبێتە قەڵایەک و یاساش بە توندی سزای تاوانبار دەدات”.

زۆرترین بینراوەکان