* نەوژین
"دڵڕەقترین کەسیش بیخوێنێتەوە، لەگەڵ لاپەڕەکانیدا دەگری"، بەم ڕستە پڕ لە هەستە، ڤینۆس عوسمان، ئەو کچە گەنجەی چەمچەماڵ کە ساڵانێکە لە جەنگێکی سەختدایە لەگەڵ جەستەی خۆی، مژدەی بڵاوبونەوەی یەکەم رۆمانی رادەگەیەنێت، رۆمانێک کە تەنها گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بەڵکو قیژەی ئازار و ئیرادەی کچێکە لەپشت دیوارەکانی ماڵەوە.
٦ ساڵ لە پێناو گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگە
ڤینۆس، ماوەی شەش ساڵی تەمەنی تەرخان کردوە بۆ نوسینی رۆمانی “رەنگی ئاسمانم بیرچوەتەوە”، ئەم کتێبە کە لە ٣٨٠ لاپەڕە پێکدێت، باس لە ژیانی کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات، دەڵێت: "ئامانجم تەنها نوسینەوەی ئازارەکانم نەبو، بەڵکو دەمەوێت تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئێمە بگۆڕم؛ دەمەوێت بزانن ئێمە چۆن دەژین و هەست بە چی دەکەین”.
ئەم نوسەرە گەنجە ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی نوسینەکە بۆ ئەو یەکێک بوە لە سەختترین وێستگەکانی ژیانی: بەهۆی تێکچونی باری تەندروستیم و نەمانی توانای دەستەکانم، زۆر ماندو دەبوم، هەزاران جار لەگەڵ وشەکانیدا گریاوم، چونکە ئەم کتێبەم بە دڵ نا، بەڵکو بە رۆح نوسیوە.
جەنگێک لەگەڵ جەستە: لە رێکردنەوە بۆ پەککەوتن
ڤینۆس لە سکماکییەوە توشی نەخۆشی ‘پوکانەوەی ئێسک’ بوە، هەرچەندە پزیشکەکان هیوایەکی ئەوتۆیان بە خێزانەکەی نەدابو، بەڵام ئەو بڕیاریدا تەسلیم نەبێت؛ تا تەمەنی ١٠ ساڵی توانیویەتی رێ بکات، بەڵام دواتر بەتەواوی لەپێ کەوتوە.
ئەو بە خەمێکی قوڵەوە باس لە ئێستای دەکات: "هیچ ساڵێکم لە ساڵی رابردو باشتر نییە، ئەگەر پێشتر دەمتوانی دەرگا بکەمەوە، ئێستا تەنانەت ناتوانم دەستم بگەیەنمە سەر سەرم”، بەڵام ئەم بێهێزییەی جەستە، نەبوەتە رێگر لەبەردەم هێزی قەڵەمەکەی.
‘رەنگی ئاسمانم بیرچوەتەوە’؛ مانیفێستی ئازار و ئیرادە
رۆمانەکە ئێستا تەنها بە شێوازی ئۆنڵاین بەردەستە، ڤینۆس کە خۆی خوێنەرێکی چالاکە و کتێبی زۆری لەسەر ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خوێندوەتەوە، پێیوایە ئەم بەرهەمەی جیاوازییەکی ریشەیی هەیە؛ “چونکە لێرەدا قەڵەمەکە لە دەستی کەسێکدایە کە خۆی لە ناو جەرگەی ئازارەکەوە دەنوسێت و وردەکاریی جیهانێک دەگێڕێتەوە کە زۆرینەی کۆمەڵگە لێی بێئاگان”.
گەشتێک بەناو رۆحی نوسەرێکدا
ڤینۆس جەخت دەکاتەوە کە هەر دێڕێکی ئەم کتێبە، بەشێکە لە رۆح و شەونخونییەکانی: “بە تەنها گێڕانەوەی روداوەکان نییە، بەڵکو گەشتێکی قوڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤێک کە جەستەی رێگری لێ دەکات، بەڵام خەیاڵ و پەیامەکەی هیچ سنورێک ناناسێت، لەڕێگەی ئەم بەرهەمەوە، نەک تەنها گلەیی لە کەمتەرخەمییەکانی کۆمەڵگە دەکەم، بەڵکو دەبمە پردێک بۆ ئەوەی خوێنەر لەڕێگەی لاپەڕەکانەوە، هەست بە قورسایی ژیان و شکۆمەندیی بەرگەگرتنی کەسانی خاوەنپێداویستی بکات.
بانگەوازێک بۆ خوێندنەوە
ڤینۆس هیوایەکی گەورەی بەم کارە ئەدەبییەی هەیە و دەڵێت: "ئەم کتێبە بۆ من هەمو شتێکە، دەمەوێت هەموان بیخوێننەوە، نەک بۆ ئەوەی بۆ بارودۆخی من بگریەن، بەڵکو بۆ ئەوەی تێبگەن کە لە پشت هەر کورسییەکی کەمئەندامییەوە، مرۆڤێک هەیە پڕە لە چیرۆک، پڕە لە ژیان و شایستەی ئەوەیە بەو چاوە ببینرێت کە شایستەریەتی”.